ئینستیوتی پەی: سەرۆكی پەرلەمان رێگرە لێمان بۆ چاودێری پەرلەمان


ئیسنتوتی پەی بۆ چاودێری كاروباری پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگری لە كارەكانیان لە پەرلەماندا دەكرێت.

ئیسنتوتی پەی بۆ چاودێری كاروباری پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "وێرای ئەوەی ستافی پەی بەئامانجی بەڕێوەچوونی پرۆژەكە بە شێوازێكی تەندروست، لەگەل سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەتەوەو گفتوگۆی بابەتەكەیان كردووەو هەموو هاوكارییەكی خۆیان بۆ پاڵپشتی پەرلەمان (وەك دامەزراوە) دەربڕیوەو درێغیشیان نەكردووە، چەندان یاداشتیان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی كردووە، بەلام لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی و بەتایبەت سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگری لە كارەكانیان كراوە". 

ئینستیوتی پەی ئاماژەی بەوەكردووە "هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵی ئەوەی نیە رێكخراوێك چاودێر بێت بەسەریەوە، چونكە لەراپۆرتەكانماندا سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەمان خستۆتەڕوو كە سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی كردوویانە، باسی ئەوەمان كردووە كە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە".


دەقی راگەیەنراوەكە..



راستگۆیی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان راپۆرتەكانی ئینستتیوتی پەی و وتەكانی خۆیدا

 (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) ماوەی نۆ ساڵە پرۆژەی چاودێری پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا وێرای چەندان كۆنفرانس و وۆركشۆپ و دیدار، دەیان یاداشت و (22) راپۆرتیشمان لەم بوارەدا بلاوكردۆتەوە، هەمیشە پیشەیی كارمان كردووەو بێلایەنی خۆمان پاراستووەو هەرگیز رێگەمان نەداوە كاریگەری هیچ لایەن و فراكسیۆن و كەسێك بەسەر كارەكانمانەوە بێت و لە چوارچێوەی یاسادا هەڵسوكەوتمان كردووە و پێوەری نوسینەوەی راپۆرتەكانمان لەبەرچاوگرتنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بوونە كە لەهەمبەر هەڵسەنگاندنی كاری پەرلەمانیدا پەیڕەوكراون.

بەلام كاردانەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە پرۆژەكە ئاسودە نەبوون و بەتایبەت لە خولی پێنجەمدا پێی خۆشحاڵ نەبوون، نەك هاوكار نەبوونە بەڵكو هەمیشە لەمپەریان دروستكردووە و رێگرییان كردووە. هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگێڕینەوە كە پێیان خۆش نەبووە هیچ چاودێرێكیان بەسەرەوە بێت. ئەم هەڵسوكەوتەش خۆی لە پێشێلكردنی ئەو یاساو بڕیارانەدا دەبینێتەوە كە خودی پەرلەمان خۆی دەریكردوون كەچی هەر خۆی پێشێلی دەكات. 

دوا دانپێدانانی سەرۆكی پەرلەمان لەم بارەیەوە ئەوەبوو لە دیدارێكیدا لەگەل رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی رۆژی 3/9/2022 لەبەردەم سەرجەم میدیاكاندا بە راشكاوانە رایگەیاند كە رێگری لە ئینستتیوتی پەی كردووەو دەیكات و رێگە بەو رێكخراوە نادات بچێتە ناو پەرلەمانەوەو پرۆژەكەی ئەنجام بدات، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەیشی دەستنیشان بكات.

ئینستتیوتی پەی ئامانجی لە پرۆژەی چاودێریكردنی پەرلەماندا چیە؟

ئەم پرۆژەیە بەهاوكاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمریكی ئەنجام دەدرێت، یەكێك لە ئامانجەكانی كاركردنە بۆ دروستكردنی شەفافیەت لە كاری پەرلەمانی و گەیاندنی زانیاری بەڕای گشتی، لەپاڵا ئەم ئامانجە، دروستكردنی فشار لەسەر پارتە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان، یەكێكی ترە لەو ئامانجانەی كە پەی بەهاوكاری هاوبەشەكانی لە كۆمەڵی مەدەنی كاری بۆ دەكات بە ئامانجی كار و فشاری زیاتر لە پێناو پەرلەمانێكی بەهێز. 

بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان لە هەرێم "باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە، مەرجەعی سیاسی و یاساییە، ئەو دەسەڵاتانە پیادە دەكات كە لە پەیڕەو یاسا كارپێكراوە پەیوەندیدارەكاندا ئاماژەیان پێدراوە". بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، رۆژ لەدوای رۆژ پەرلەمان وەك دامەزراوەیەك رۆڵی پشتگوێ دەخرێت، یاساكانی جێبەجێ ناكرێت و  گوێ لە بڕیارەكانی ناگیرێت، لەبەرامبەردا پەرلەمان دەنگ و رەنگی نیەو بەدواداچوون ناكات، بۆیە ئێمە لە ئینستتیوتی پەی، هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ لە پێناو هاتنە كایەی پەرلەمانێك كە بتوانێت یاسای باش دابڕێژێت و چاودێرێكی بەهێز بێت لەسەر دامەزراوەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. پەرلەمانێك كە بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەدیموكراتیزەكردنی بنەماكانی دیموكراسی و بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵدا.

سەرۆكی پەرلەمان بۆچی رێگری لە ئینستتیوتی پەی دەكات؟
وێرای ئەوەی ستافی پەی بەئامانجی بەڕێوەچوونی پرۆژەكە بە شێوازێكی تەندروست، لەگەل سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەتەوەو گفتوگۆی بابەتەكەیان كردووەو هەموو هاوكارییەكی خۆیان بۆ پاڵپشتی پەرلەمان (وەك دامەزراوە) دەربڕیوەو درێغیشیان نەكردووە، چەندان یادداشتیان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی كردووە، بەلام لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی و بەتایبەت سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگری لە كارەكانیان كراوە. هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵی ئەوەی نیە رێكخراوێك چاودێر بێت بەسەریەوە، چونكە لەراپۆرتەكانماندا سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەمان خستۆتەڕوو كە سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی كردوویانە، باسی ئەوەمان كردووە كە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە.

سەرۆكی پەرلەمان یاسای پێشێل كردووە:
پەرلەمان بەگشتی و سەرۆكەكەی بەتایبەت دەبێت لەهەموو لایەن و دامەزراوەو كەسێك زیاتر پەیوەستبن بە جێبەجێكردنی یاساوە، بەلام بەپێچەوانەوە زۆرترین یاسایان پێشێلكردووە، كە ئەمانەی خوارەوە چەند نمونەیەكن:
1-یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
2- یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2011) ی یاسای رێكخراوە ناحكومیەكان،.
3-یاسای  ژمارە (11)ی ساڵی (2013) ی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،.
4-یاسای ژمارە (٢) ساڵی (2008) ی یاسای دیوانی چاودێریی دارایی.
5-یاسای ژمارە (٤) ساڵی (2010) ی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.
6-یاسای ژمارە (٣) ساڵی (2011) ی دەستەی دەستپاكی، و یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی (٢٠١٤)ی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011.
7-یاسای ژمارە (٤) ساڵی (2014) ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.
8-بڕیاری ژمارە (5)ی ساڵی (2013) ی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە (پەیمانی هاوبەشی و گەشەپێدان لەنێوان دەسەڵاتە گشتییەكان و رێكخراوە ناحكومیەكان لە هەرێمی كوردستان).
سەرۆكی پەرلەمان پەیرەوی پێشێل كردووە:
بەدرێژایی دەسەڵاتی لەم خولەدا سەرۆكی پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی پێشێل كردووە، بۆ نمونە: گوێی بەداواكاری ئەندامان نەداوە، یادداشتی لێپرسینەوەی وەزیرەكانی نەخستۆتە بەرنامەی كارەوەو هیچ وەزیرێك لێپێچینەوەی لەگەلدا نەكراوە، بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی ئەنجام نەداوە، وەك پێویست رێگەی بە هەندێك پەرلەمانتار نەداوە لە دانیشتنەكاندا قسەی خۆیان بكەن، لێپێچینەوە لە هیچ ئەندامێك نەكراوە لەكاتی ئامادەنەبوون و ئەنجامنەدانی ئەركاكانیاندا.
سەرۆكی پەرلەمان رێز لە دامەزراوەی پەرلەمان ناگرێت:
سەرۆكی پەرلەمان رێزی لە دامەزراوەكەی نەگرت، ئەوەی بەرێزیان كردیان هیچ كام لە سەرۆكەكانی پێشووتری پەرلەمان نەیانكردووە، بۆ نمونە:
-پێویست بوو بەپێی پەیرەو و یاسا پەرلەمان حكومەت بانگهێشت بكات، كەچی لە دەستپێكەوە سەرۆكی پەرلەمان دەچوو بۆ لای حكومەت كۆبوونەوەی دەكرد.
-كاتێك داوای ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكرد ئامادە نەبوون بچنە پەرلەمان و هیچ ئیجرائاتێكیش نەكرا.
-سەرۆكی پەرلەمان لە بری ئەوەی خۆی بڕیاربدات و پەرلەمان وەك دامەزراوە هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ كاركردن لەسەر دەستور و پرسە چارەنوسسازەكان، كەچی بە بیانووی ئەمەوە دەرگە بەدەرگەی هەموو حزبەكان گەڕاو هیچیشی نەكرد.
-كاتێك بڕیاری دەركرد و وەزارەتی داد لە وەقائیعی كوردستان بۆی بلاونەكردەوە، بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ هەنگاوی نەنا.
-كاتێك بڕیارێكی دەركرد و رێگریی لە پەرلەمانتاران كرد پرۆژەكان بەسەر بكەنەوە، گومانی خستە سەر پەرلەمانتاران و لە ئەركێكی پەرلەمانی بێبەشی كردن كە پەیرەو بۆی دیاریكردوون.
-لەبری ئەوەی بەپێی پەیرەو بانگهێشتی وەزیرەكان و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكات بۆ لێپێچینەوە، كەچی دەلیت داوا لە وەزیرەكان دەكەین بێن بۆ پەرلەمان خۆیان خاڵی بكەنەوەو قسەی خۆیان بكەن! ئەمەش بچوك كردنەوەی پەرلەمانە لەبەرامبەر دەسەلاتی جێبەجێكردندا، ئەمەش لەو رۆژەوە دروستبوو كە سەرۆكی پەرلەمان چوو بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە لە كولتوری پەرلەمانیدا نەبووە، لەو رۆژەوە دروستبوو كاتێك لەلایەن ئەندامانەوە داوای بانگهێشتی وەزیرەكان دەكرا كەچی سەرۆكی پەرلەمان وتی وەزیرەكان نایەن بۆ پەرلەمان چیان لێبكەم خۆ پۆلیسیان بۆ نانێرم! لەو رۆژەوە دروستبوو كە ئیمزای پێویست كۆكرابوویەوەو داوای لێپرسنەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرابوو لەبری ئەوەی بەپێی پەیرەو ئامادەبێت و لێپێچینەوەی لەگەل بكرێت، كەچی سەرۆكی پەرلەمان پرساندنەكەی نەخستە بەرنامەی كار و وەك میوانداری خستیە بەرنامەی كار و سەرۆكی حكومەت چووە پەرلەمان و ئەو پەرلەمانی محاسەبەكرد!
-سەرۆكی پەرلەمان خاوەنی بەڵێنەكانی خۆی نەبوو:
سەرۆكی پەرلەمان هەمیشە بەڵێنی داوەو بەلام لەئاستی جێبەجێكردندا لاواز بووە، یا خاوەنی بەلێنەكانی خۆی نەبووە، بۆ نمونە:
-لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پاییزە لە (1/9/2021) دا سەرۆكی پەرلەمان بەلێنی دا لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پرۆژەیان لەسەر كەڵەكە بووە و پێویستی یاساییش هەیەو دەبێت دەربچوێنرێن، هەر بۆیە بەپێی مادەی (51)ی پەیڕەو كە هاتووە هەموو رۆژانی (سێشەممە و چوار شەممە) پەرلەمان كۆدەبێتەوە بۆ دەرچواندنی یاسا و رۆژانی (پێنج شەممە)ش بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت، كەچی نەك هەر ئەوەی نەكرد و بەلێنەكەی بەجێنەهێنا بەڵكو ژمارەی كۆبوونەوەكانی كەمتر كردەوە.
- لە دانیشتنی كردنەوەی خولی بەهارە لە (1/3/2022) دا سەرۆكی پەرلەمان سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "سەرجەم هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی ئەم پەرلەمانە بەڕێزە هاوڕان لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێت، بۆیە ئەركی پەرلەمانی كوردستانە كە كاری لێبڕاوانە بۆ ئەنجامگەیاندنی ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا بكات، لە ڕێی نەهێشتن و چارەسەركردنی سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی دەبنە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەكە و بە دیاریكراوی ئاستەنگە یاسایی و تەكنیكییەكان". كەچی نەك ئەر ئەو كارەی نەكرد بەڵكو لەو كاتە هەستیارەدا پەكی دانیشتنەكانی پەرلەمانی خست.
 سەرۆكی پەرلەمان هەمان لێدوانەكانی ئینستتیوتی پەی دووبارە كردەوە:
سەرۆكی پەرلەمان دانی نا بەو هەلانەی ئینستتیوتی پەی لە راپۆرتەكانیا باسی كردبوو:
ئینستتیوتی پەی چوار ساڵە لە راپۆرتەكانیدا جەختی لە هەڵەو كەموكوڕییەكانی دەستەی سەرۆكایەتی كردۆتەوەو خستونیەتە روو، بەلام سەرۆكی پەرلەمان لەبری گوێگرتن و راستكردنەوەیان رێگری لە رێكخراوەكەمان كردووە. كەچی تازە بەتازە كە كۆتایی تەمەنیەتی ناراستەوخۆ هاتووە دان بە بەشێكیاندا دەنێت، لەوانە:
-ئێمە هەمیشە نوسیومانە كە دەستەی سەرۆكایەتی كات بەفیرۆ دەدات و بەپێی پەیرەو كۆبوونەوەكان ئەنجام نادات. كەچی تازە سەرۆكی پەرلەمان هاتووەو دان بەوەدا دەنێت و دەلێت "زۆرینەی كات پەرلەمان بێئیش بووە و بەشێكی زۆری تەمەنی پەرلەمان بەبێ ئیش بەفیڕۆچووە".
-ئێمە هەمیشە نوسیومانە كە لیژنەكان سستن و بە ئەركی یاسایی و پەیرەوی خۆیان هەڵنەستاون، كەچی تازە سەرۆكی پەرلەمان هاتووەو دان بەوەدا دەنێت و دەلێت "لیژنەكان وەك پێویست نەبوون".
-ئێمە چوار ساڵە باس لەوە دەكەین كە هەرچوار دەستە سەربەخۆكە تەمەنی یاسایی سەرۆك و كۆمسیارەكان بەسەرچووەو ئەمەش كارێكی نایاساییەو لەمپەرە لەبەردەم ئەنجامدانی كارەكانیان، كەچی تازە سەرۆكی پەرلەمان هاتووەو دان بەوەدا دەنێت و دەلێت "دەستەكان بەسەر چوونە".
-ئێمە چوار ساڵە باس لەوە دەكەین كە ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردوون لەلایەن دەسەلاتی جێبەجێكردنەوە پێشێل دەكرێن و ئەركی پەرلەمانە بەدواداچونیان بۆ بكات، كەچی تازە سەرۆكی پەرلەمان هاتووەو دان بەوەدا دەنێت و دەلێت "دەسەلاتی جێبەجێكردن یاسای پێشێلكردووە".
كۆتایی:
پەرلەمانی كوردستان تاكە دامەزراوەی شەرعیی خەڵكی كوردستانە كە گوزارشت لە سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم بكات، بۆ پاراستن و بەرز راگرتنی ئەم دامەزراوەیە پێویستە ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەری دەكرێت لەلایەن هێز و لایەنە سیاسیەكانەوە، لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە رابگیرێت، و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەست لە پێشێلكاریی پەیرەو هەڵبگرن و هیچیتر یاسا پێشێل نەكەن و بەكردار بە ئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن، لەهەمان كاتدا پێویستە هەڵبژاردنەكانی لەوادەی خۆیاندا ئەنجام بدرێن و ئیتر نەریتی دواخستن و درێژكردنەوە كۆتایی پی بهێنرێت.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
10/9/2022





PM:08:20:10/09/2022