ئەنجوومەنی ئاسایش تیمی لێکۆڵینەوەی لە تاوانەکانی داعش بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا، کارەکانی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ڕێکخراوی داعش بۆ ماوەی ساڵێکی دیكە لە عێراق درێژبكاتەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە" بە بڕیاری ژمارە (٢٦٥١) بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش تاوەکو ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣". 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

کریستیان ریچەر سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، پێشوازی لەو بڕیارە کرد و رایگەیاند" ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرخستنی ئەرکی یونیتادەوە پابەندە". 

جەختیشیکردەوە، تیمەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش، کە دادپەروەرییە بۆ قوربانیان و رزگاربووان لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت، بڕیاررە هەر (١٨٠) رۆژ جارێک، کریستیان ریچەر، دەربارەی دوایین پێشهاتەکان و کارەکانی تیمەکە راپۆرتێک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات. 

تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە ساڵى (٢٠١٧)ەوە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕێکخراوی داعش پێکهێنراوە. 


PM:09:25:15/09/2022