وێنە.. ئەکتەرێکی ناسراوی فیلمی (رسالە) کۆچی دوایی کرد

ئیرین باباس ئەکتەری ناسراوی یۆنانی، کە لە فیلمی (الرسالة) رۆڵی (هند) ژنی (ئەبو سوفیانی) دەبینی، لە تەمەنی (٩٦) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی رۆشنبیری یۆنان هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی نێودەوڵەتی ئیرین باباسی لە تەمەنی (٩٦) ساڵیدا راگەیاند و دەڵێت" ئیرین بەرجەستەی جوانی یۆنانی لەسەر شاشەکانی سینەما و لەسەر شانۆ، هونەرمەندێکی ئاست بەرزی جیهانی بوو، کە تیشکی یۆنانی دەکرد". 

بەپێی هەواڵی میدیا یۆنانییەکان باباس لەم ساڵانەی دوایی بە دەست نەخۆشی زەهایمەرەوە ناڵاندوویەتی، وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ ئەوەی هەواڵی مردنی ئەو ئەکتەرەی راگەیاندووە، بەڵام کات و هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکردووە. 

ئیرین باباس لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٢٦ لە دایکبووە، خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژێکی نێودەوڵەتی یۆنانی بووە، لە ماوەی پەنجا ساڵی کاری هونەریدا زیاتر لە (٧٠) فیلمدا ڕۆڵی گێڕاوە. 

لە سەرەتای تەمەنی هەرزەکاریدا دەستیکرد بە فێربوونی هونەر و نواندن و ئەدەب و سەرەڕای تەمەنی بچوکی، کەسانی دەوروبەری سەرسام دەکرد، باباس لە ناوەڕاستی سییەكانی سەدەی رابردوودا رووی لە قوتابخانەیەكی بەهرەمەند كرد و پەیوەندی بە بەشی هونەرەوە كرد، دواتر دەستیكرد بە نمایشكردنی رۆڵ لە شانۆ بۆ دامەزراوەیەكی پەروەردەی لە یۆنان و یەكێك بوو لە زۆرترین بەشداربووانی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان، دواتر بەهرەی خۆی بۆ گۆرانی وتن دۆزیەوە و سەرەڕای رەتکردنەوەی خێزانەکەی بڕیاریدا بەشداری لە پێشبڕکێکانی گۆرانی وتن بکات، بەڵام پێداگری لەسەرکرد و ناوەکەی لە ئیرین لیلیکۆوە گۆڕی بۆ ئیرین باباس و لەو کاتەوە ناوبانگی دەرکردووە. 


لە ساڵی (١٩٤٠) چەندین کۆنسێرتی لە زێدی خۆی ئەنجامدا، و دواتر ڕووی لە جیهان کرد، لە ساڵی (١٩٤١)، و باڵیۆزی نیازپاکی بوو لە ئەمریکا بۆ بەرگری لە مافی هەژاران و ژنان لە سەرەتای چلەکاندا، لە چل و پەنجا و شەستەکاندا چەندین بەرهەمی سینەمای یۆنانی و نێودەوڵەتی هەبوو، دواتر لە حەفتاکان و هەشتاکان چالاکی نواندنی کەمی کرد و دوای ماوەیەک جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر گۆرانی وتن.

هەروەها ئیرین چەندین رۆڵی سەرەکی لە فیلمە بەناوبانگەکانی ساڵانی شەستەکاندا بینیوە، لەوانەش رۆڵی (زۆربای یۆنانی)، رۆڵی (هند)ی لە فیلمی (الرسالة)دا لەسەر کۆپییە ئینگلیزییکەی بینیووە.


PM:11:09:15/09/2022