محەمەد حاجی مەحمود زانیاری نوێ لەسەر "رێككەوتن"ی پارتی و یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكات



محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی یەك كاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان  رایگەیاندووە "لەدوای مەراسیمەكانی عاشورا ئەو بەریەكەوتنەی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەگەری هەیە سەرهەڵبداتەوە، چونكە تا ئێستا هەمو بابەتەكان چارەسەر نەكراون، چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریكردوە، بەڵام لایەنی سەدری قبوڵیان نیە و نەگەیشتونەتە كاندیدێكی هاوبەش".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی لە عێراقدا هەیە قەیرانی عەقڵە ئەگەر عەقڵ هەبوایە ئەو هەمو قەیرانە دروست نابون، بۆیە بەپێشخستن و دواخستنی هەڵبژاردنەكان چارەسەری كێشەكان ناكرێت".

محەمەد حاجی مەحمود وتویەتی "یەكێتی و پارتی خۆیان ئامادەكردوە بۆئەوەی رێكەوتنێك واژۆ بكەن جا ئەو رێكەوتنە رێكەوتنی ستراتیژی بێت یان هەر رێكەوتنێكی دیكە، وەك ئەو پرۆژەیە نابێت كە مام جەلال و مەسعود بارزانی واژۆیان كرد، بڕواناكەم بەشێوەی رێكەوتنی ستراتیژی بێت، چونكە كاتەكە و هاوسەنگی هێز گۆڕانكاریان بەسەردا هاتوە، حزبی دیكە هەیە و ناتوانن خەت بەسەریاندا بهێنن، بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا بەدڵنیاییەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن و پێمباشە چ ستراتیژی بێت یان كاتی یان دورمەودا بێت یەكێتی و پارتی رێكبكەون بەوەش 70%ی كێشەكانی هەرێم چارەسەر دەبێت".

سەبارەت بە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار، محەمەد حاجی مەحمود ئاشكرایكرد، "رەنگە ئەوەی لە ساڵی 2018 كە پارتی و یەكێتی بە دوو كاندید رۆیشتنە ناو پەرلەمانەوە دوبارە نەكرێتەوە، ئیتر ئەوەیان لایەنێك یان بەشداری ناكات یان كاندیدی هاوبەشیان دەبێت، ئەوەی دەیزانم دوو كاندیدیان نابێت".





PM:01:44:16/09/2022