ئومێد خۆشناو: لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەستدەکەین بە دابەشکردنی نەوت


پارێزگاری هەولێر رایگەیاند " ئەوان ئامادەن بۆ دابەشکردنی نەوت و هیوادارین لە کۆتایی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێ بکەین"

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە بارەی دابەشکردنی نەوتەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند " لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووشدا لە زۆنی ناوەڕاست و دوای ئەوەش ناو شار دەست پێ بکەین، هیوا داریشین ئەو بەشەی بۆ پارێزگای هەولێر پێویستە وەکو خۆی دابین بکرێت، ئەگەرنا قورس دەبێت بۆ ئێمە".

لەبارەی ئەو لافاوانەی لە وەرزی زستاندا رووبەڕووی خەڵکی هەولێر دەبێتەوە" ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لافاو کەمبکەینەوە، ناڵێین گەرەنتی سەد لە سەد دەدەین، بەڵام وا دەکەین کاریگەرییەکانی لافاو لەسەر هەولێر کەم بکەینەوە بۆ ئەوەی کەمترین زیانی هەبێت".

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی لافاوی ساڵی رابردووی هەولێرەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئومێد خۆشناو دەڵێت" شتێک نییە ناوی قەرەبوو بێت، بەڵام ئەوەی هەیە هاوکارییە، کە هاوکاری ئەو هاوڵاتیانە کراوە کە زیانیان بەرکەوتووە، زیانەکانی ئەو لافاوانەش ٥٠ ملیۆن دینار بووە، هەموو مالێکیش هاوکاری کراون، بەڵام ئەمە قەرەبوو نییە کە کەسێک چەند زیانی بەرکەوتووە ئەوەندەی پێ بدرێت".



PM:03:13:17/09/2022