ڕاگەیاندراوی پژاك و كۆدار بۆ مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتی لە دژی كوشتنی ژینا ئەمینی


پژك و كۆدار دژی كوشتنی ژینا ئەمینی ناسراو بە مەهسا لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە رایدەگەیەنن "كێشەی ژن لە ئێران بووە بە گەورەترین كێشە و چووەتە ریزی سەرەوەی هەموو كێشەكانی ئەو وڵاتە، رژێمی ئێستای ئێران بە شێوەیەكی فاشیستی و بە شێوەی سیستماتیك و دڵڕەقانە گوتەزای دژە ژن بڵاودەكاتەوە و برەوی پێ دەدات". 

پژك و كۆدار لە راگەیەنراوێكدا دژی كوشتنی ژینا ئەمینی رایانگەیاندووە "ئەشكەنجە، زیندان، لەسێدارەدان و كوشتنی ژنان بووەتە كارێكی رۆژانەی ئەو رژێمە فاشیستە و ئەگەر لەلایەن كۆمەڵگەوە جڵەو نەكرێت، زیان و تێچووی رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبێت و ئاسایشی هەموان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە". 

هەروەها دەڵێن "ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كێشەی ئازادیی ژن بووەتە ناواخن و ناوەرۆكی سەرەكیی شۆڕش بۆ ئازادی و دیموكراسی و گەلانیش ناچار بە بەدیهێنانی ئەو ئازادییە بەهادارەن. بێگومان هەر شۆڕشێك لە بیر و ئەندێشەی ئازادیی ژن و ڕاپەڕین بۆ بە دەستهێنانی بێبەش بێت، زیاتر لە هەموان تووشی داڕمان و ڕووخان دەبێت".



دەقی راگەیەنراوەكە..

كوشتنی "ژینا ئەمینی (مەهسا)" بە دەستی هێزەكانی رژێمی دژە ژن و فاشیست لە رۆژی هەینی ٢٥ی خەرمان / ١٦ی ئەیلول كارێكی دژ بە هەموو كۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ئەو كردارە قێزەون و ناپەسەندەی رژێمی فاشیستی ئێران لە دژی ژنان بە تایبەتی ژنانی كورد پێویستی بە هەڵوێستگرتنی ڕادیكاڵ و ئازادیخوازانەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە هەیە.

كێشەی ژن لە ئێران بووە بە گەورەترین كێشە و چووەتە ریزی سەرەوەی هەموو كێشەكانی ئەو وڵاتە. رژێمی ئێستای ئێران بە شێوەیەكی فاشیستی و بە شێوەی سیستماتیك و دڵڕەقانە گوتەزای دژە ژن بڵاودەكاتەوە و برەوی پێ دەدات. ئەشكەنجە، زیندان، لەسێدارەدان و كوشتنی ژنان بووەتە كارێكی رۆژانەی ئەو رژێمە فاشیستە و ئەگەر لەلایەن كۆمەڵگەوە جڵەو نەكرێت، زیان و تێچووی رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبێت و ئاسایشی هەموان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كێشەی ئازادیی ژن بووەتە ناواخن و ناوەرۆكی سەرەكیی شۆڕش بۆ ئازادی و دیموكراسی و گەلانیش ناچار بە بەدیهێنانی ئەو ئازادییە بەهادارەن. بێگومان هەر شۆڕشێك لە بیر و ئەندێشەی ئازادیی ژن و ڕاپەڕین بۆ بە دەستهێنانی بێبەش بێت، زیاتر لە هەموان تووشی داڕمان و ڕووخان دەبێت.

ئەمڕۆ پێگەی ژنان لە تێكۆشانی كورد و كۆمەڵگە لە ڕێگای ئازادیی ژنان كوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بۆ هەموان ڕوون و ئاشكرایە. كەواتە شۆڕشێك، بە پلەی یەكەم بایەخ بە گوتەزای ئازادیی ژن بدات بە دڵنیاییەوە سەردەكەوێت. ئەمڕۆ ئازادیخوازیی ژنانی كورد لە عەفرین و كۆبانێ تاوەكو باكوور، باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و سەقز، بووەتە گەردونی و كوشتنی بێبەزەیانەی ژنانی كورد و بۆ نمونە ژینا ئەمینی قبوڵ ناكرێت. بە خۆشییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە سایەی تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلان و  لەوانەش گەلی كورد بۆ بەدیهێنانی مافەكان و ئازادییە مرۆییەكانی خۆیان پێداگرتر و هۆشیارتر دەبنەوە و هەوێنی راپەڕینی سەرتاسەری شكڵی گرتووە.

رژێمی فاشیست و دژە ژنی ئێران بە پاساوی دەسەڵاتخوازانەی خۆی بە بەردەوامی كرداری پلان بۆ دانراو و سیستماتیك لە دژی هەموو چین و توێژەكان بەڕێوەدەبات، كە بە ئاشكرا ئاسایشی كۆمەڵگە و ژنانی بە تەواوەتی خستووەتە مەترسییەوە. ئەگەر ئەمڕۆ كۆمەڵگەی هۆشیار و بوێری ئێمە پێش بەو دڵڕەقیانە نەگرێت، بە دڵنیاییەوە سبەی درەنگ دەبێت.

بەم بۆنەیەوە ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) كوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی رژێمی فاشیستی ئێران بە توندی ئیدانە دەكەین و داوا لە هەموو گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كورد، ژنان، گەنجان، رۆشنبیران، زیندانیانی سیاسی، چالاكوانان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی، رێكخراوە مەدەنییەكان، حیزبە سیاسییەكان، میدیا ئازادەكان، كرێكاران، مامۆستایان، كاسبكاران و بازاڕەكان و هەموو زەحمەتكێشانی چەوساوە دەكەین، كە رۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان / ١٩ی ئەیلول بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی ژینا ئەمینی بە دەست فاشیزمی ئێران، بە دروشمی "ژن، ژیان ئازادی – شەهید نامرێ" بەشداری لە مانگرتنی گشتی و شكۆمەندی سەرتاسەری دا بكەن. ئەوە ئەركی مرۆیی، ئەخلاقی و سیاسییە لە پێناو پارێزگاری لە كۆمەلگە و ژنان و بە بە تایبەتی شلێر ڕەسوڵییەكان و ژینا ئەمینییەكانە. شۆڕشی ئازادیی ژنان، ناوەرۆكی شۆڕشی نوێی كوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكدەهێنێت و تێكۆشان لەو رێگایەدا ئەركی مرۆیی كۆمەلگەی چەوساوە و ستەملێكراو و گەلانە، سڵاو لەگەلەكەمان و بە تایبەتی خەڵكی سەقز دەكەین، كە دەستیان بە ناڕەزایەتیی دیموكراتیك كردووە".




PM:10:39:17/09/2022