وەزارەتی كارەبا سەبارەت بە پڕۆژەی پریپەید روونكردنەوە دەدات


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەگەر سیستەمی پریپەید سەركەوتوو بێت و لەگەڵ كۆمپانیا گەیشتنە ڕێككەوتن، رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرن بۆ ئەوەی لە ھەموو كوردستان جێبەجێ بكرێت.  

كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندوە "پلانی وەزارەتی كارەبا ئەوەیە سیستەمی پریپەید جێبەجێ بكرێت كە ھاوشێوەی كارتی مۆبایل ھاوبەشانی كارەبا بەكاری دێنن".  

ناوبراو وتیشی "پڕۆژەكە وەك تاقیكردنەوە لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و بازاڕی دھۆك دەستی پێكردووە، ئەوانەی سیستەمی پریپەید بەكار دێنن دەتوانن لێیان بپرسن چەند سوودی ھەیە و نرخی كارەباش كەمتر لەسەریان دەكەوێت.''  

هەروەها دەڵێت "ئەگەر سیستەمەكە سەركەوتوو بێت و لەگەڵ كۆمپانیا گەیشتینە ڕێككەوتن، ئەوە ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرین بۆ ئەوەی لە ھەموو كوردستان جێبەجێ بكرێت، چونكە سیستەمەكە كاریگەریی ھەیە لەسەر ڕەوشی كارەبا و خەرجی كەم دەكاتەوە و داھات زیاد دەكات.''  



PM:06:46:20/09/2022