لە ٢٤ شار مانگرتن‌و ١٣ شار خۆپیشاندانە
٣ کەس کوژراون و ٢٥٠ هاوڵاتی بریندارن


ئەمرۆ دوو شەممە ٢٠ ی ئەیلول جارێکی تر لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ناڕازی بەرامبەر دۆخی ژنان و کوشتنین ژینا ئەمینی رژانەوە سەر جادەکان و لە ٢٤ شار مانگرتن ئەنجامدراو لە ١٣ شاریش خۆپیشاندان و، لەسەرجەمیان ٣ کەس کوژران و ٢٤٠ هاوڵاتی تریش برینداربوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد کوژراون و ٢٢١ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون. زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی کوردیش بە شێوەی توندوتیژانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێنراون.

هەنگاو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ سەرەڕای هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکان، بازاڕییان و کاسبکاران و بەشێکی بەرچاوە لە خاوەن پیشەکانی کەرتی تایبەت لە شارەکانی ئیلام، ئاودانان، مەلەکشاهی، کرماشان ڕوانسەر، جوانڕۆ، پاوە، کامیاران، سنە، دێولان، قوروە، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەرە، بیجاڕ، پیرانشار، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان، تیکاب، ئورمیە، شنۆ و کۆتۆل بە شێوەی بەربڵاو لە مانگرتندا بوون بە شێوەیەک کە خەڵک بە مانەوەی لە ماڵەکانیان تەنانەت لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵێک چالاکیی کۆمەڵایەتی وەک وەرزشی بەیانیش خۆیان بوارد بۆ ئەوەی بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵە و خەڵکی سەقز، لە لایەن حکومەتەوە، ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.

ئەو شارانەی کە هاوکات لەگەڵ مانگرتن، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینیش تێیاندا بەڕێوە چوو، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون، لە ١٣ شاری دیواندەرە، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، کامیاران، دێولان، قوروە، تیکاب، مەهاباد، سەردەشت و بۆکان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی حکومەت، خۆپیشاندانە مەدەنییەکان بەرەوە توندوتیژی چوون لە ئەنجامدا بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە لانی کەم سێ هاووڵاتی کوژراون و ٢٢١ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون کە لەم ٢٢١ کەسەی بریندار بوون ٤٣ کەسیان ژن و ٢٤ کەسیشیان مێردمنداڵ بوون.

موحسین محەممەدی خەڵکی دیواندەرە، ڕەزا لوتفی ٢٥ ساڵە خەڵکی دێولان و فەرەیدوون مەحموودی خەڵکی سەقز، ئەو سێ هاووڵاتییەن کە بە هۆی تەقەی هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراون. 



PM:08:46:20/09/2022