ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گه‌یشته‌ شه‌ش كه‌س

یەکێک لە بریندارەکانی خەڵکی دیواندەرە، کە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، بریندارکرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فوئاد قەدیمی، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی شاری دیواندەرە، بە گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرابوو، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، گیانی لەدەستدا.

فوئاد قەدیمی ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، لە کاتی ناڕەزایەتی خەڵکی دیواندەرە دژ بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار کرابوو، هەر ئەو ڕۆژە هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی دیواندەرە ب ەناوی موحسین محەممەدی، بە گوللەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

به‌پێی ئاماری رێكخراوه‌كه‌، لە ناڕەزایەتییەکانی سێ ڕۆژی ڕابردووی کوردستان لانی کەم شەش هاوڵاتی کورد لە شارەکانی دیواندەره (حاڵەت)، ئورمیە، پیرانشار، دێولان و سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئه‌منیه‌كانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون.


AM:11:30:21/09/2022