سەرۆكی پەرلەمان روونكردنەوە لەسەر دیداری خۆی و بارزانی دەدات

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن نەداوە سەبارەت بە دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی.  

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەرونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنن كە د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن نەداوە سەبارەت بە دیداریان لەگەڵ بارزانی".  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی بە فەرمی بڵاوكراوەتەوە لە سایتی فەرمی پەرلەمان تەنیا ڕاگەیەندراومانە سەبارەت بە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٢١، بۆیە داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین پابەندی یاسا و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی بن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكانیان".  

دوێنێ د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە دیدارەكەدا باسیان لە پرسی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنی بۆ ڕاپرسی كرد و جەختیان لەسەر پێویستی زەمینەسازی و دروستكردنی هەماهەنگی و كۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور كردەوە.



PM:02:28:22/09/2022