هۆكاری نەخۆشكەوتنی ١٠٠ خوێندكارەكەی سلێمانی ئاشكرابوو


ئەو ١٠٠ خوێندكارەی لە خوێندنگەیەكی شاری سلێمانی رەوانەی نەخۆشخانە كرابون، دەركەوتوە هۆكاری نەخۆشكەوتنیان بەهۆی كەمتەرخەمی و پابەندنەبونی فرۆشگاكە بووە بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەكانەوە.

بەهار رەمەزان، سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی دایەنگەو باخچە و فرۆشگای قوتابخانەكان لە قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە "لە سەردانەكەی ئەمرۆماندا بۆ قوتابخانەی نەهرۆ  لیژنەكەمان رێنمایی پێویستیان داوە بە ستافی فرۆشگەی  قوتابخانەكە و ئاگاداریان كردونەتەوە كە پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بن، پێمان راگەیاندون لە ئەگەری دوبارە كردنەوەیدا فرۆشگاكە روبەروی سزای دارایی و یاسایی دەكرێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە نزیكەوە بەدواداچونمان بۆ حاڵەتەكە كردوە و لە هۆكارەكانی ژەهراویبونی خوێندكارەكانیان كۆڵیەوە و دەركەوت بەهۆی كەمتەرخەمی و پابەندنەبونی فرۆشگاكە بوە بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەكانەوە، فرۆشگەی قوتابخانەكە لە لایەن لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە داخراوە".



PM:03:27:22/09/2022