عەبدولەتیف سەلەفی سەبارەت بە هەمواری یاسای خێزانی هاتە دەنگ


د.عەبدولەتیف سەلەفی، رابەری سەلەفییەكانی كوردستان رەخنەی توند لە پەرلەمانی كوردستان دەگرێت بەوەی "لە شتە خراپەكان شوێن وڵاتانی غەرب بكەوین نەك لە باشەكان!".

د.عەبدولەتیف سەلەفی، رابەری سەلەفییەكانی كوردستان رایگەیاندووە "زۆر عەیبەو كارەساتە پەرلەمان پڕۆژە نەمێنێت كاری لەسەر بكات ئەوە نەبێت، لە شتە خراپەكان شوێن وڵاتانی غەرب بكەوین نەك لە باشەكان!".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "باشە كە ناشتوانن وەكو ئەوان كێشەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی وەك ڕێگاوبان و كارەباو سوتەمەنی زستان چارەسەر بكەن، وە كە ناتوانن كێشەی میللەت چارەسەر بكەن، دێن باری خێزانی و پەروەردەی كۆمەڵایەتی جوان و ڕەسەنی كوردی موسڵمان تێك دەدەن و وەك خێزانە سەرگەردان و لێك هەڵوەشاوەكانی ئەوانی لێ دەكەن بۆ ئەوەی غەرب لێتان ڕازی  بێت و ئێوەش بە ئازادیخوازو پێشكەوتوو حیساب بكرێن!!.

سەلەفی وتویەتی "دڵنیابن زەرەرێكی گەورە دەكەن و بەر نەفرەتی پەروەردگارو میللەتەكەشتان دەكەون".

لە چەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی كرد كە بڕگەیەكی ئەوەیە "ئەگەر ژن و مێر دبە زۆر سەرجێی لەگەڵ یەكدی بكەن بە تاوان دادەنرێت" ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتۆتەوە.



PM:01:58:23/09/2022