بارەگای بارزانى ئیدانەى هێرشەکانى ئێران دەکات

ارەگای بارزانى رایدەگەیەنێت" مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت". 

لە راگەیەنراوێکدا بارەگای بارزانى رایگەیاندووە" ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بوردومانی هێزەكانی ئێران. ئیدانەی ئەو پەلامار و بوردومانانە دەكەین چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە". 

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو پەلامار و بوردومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.

بارەگای بارزانى راشیدەگەیەنێت" كە مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت". 

بارەگای بارزانى داوااش دەكات، دەستبەجێ ئەو پەلامار و بوردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.


PM:05:45:28/09/2022