ئەو دادوەرەی بڕیاری بێتاوانبوونی بكوژی دوو خوشكی دەركرد لە پۆستەكەی نەما


سالار رەوف مەحمود، سەرۆكی دادگای تاوانەكانی سلێمانی یەك، ئەو دادوەرەی بڕیاریدا بە بێتاوانی باوكی ئەو دوو خوشكەی چەمچەماڵ كە دوو ساڵ لەمەوبەر بەیەكەوە تەرمەكانیان لەناو چاڵێكدا لە گۆڕستانیكی نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان دەرهێنرانەوە ە پۆستەكەی نەما.  
 
سالار رەوف، ئێستا جێگرەكەی لە شوێنەكەیدا دەستبەكاربووە و ناوبراو  بە سایتی (كەركوك ناو)ی راگەیاندووە "خۆم دەستم لەكاركێشاوەتەوە، چونكە دوو كاری ترم لە بوارەكەی خۆمدا هەبووە و ئەوەش وایكردووە ماندوبم و فشارم لەسەر بێت".  

مانگی رابردوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، لە وتارێكیدا لەگەڵ وەسفكردنی بڕیارەكە بە "مار و پەیژە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر"، لە بەشێكیدا جەختیكردەوە "دوابەدوای هەوڵ و كۆششی هێزە ئەمنییەكان كە بە پشتیوانی هاوڵاتیان و میدیاكارانی خەمخۆر، گومانلێكراوێك بە تاوانی كوشتن و توندوتیژیی دژی ژنان دەستگیر دەكەین، بە بڕیارێكی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر".  



PM:09:47:03/10/2022