ئۆتۆمبێلێک لە شاخی بەرانان کەوته خوارەوە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەسەر شاخی بەرانان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کۆنترۆڵی لەدەستدا و کەوتە خوارەوە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.

پشتیوان محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای دەربەندیخان بە میدیاکانی ڕاگەیاند" دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاخی بەرانان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتوەتە خوارەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێری بارهەڵگرەکە کە بەرەگەز عەرەبە و دانیشتووی بە‌غدایە گیانی لەدەستداوە، لەئێستاشدا تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە. 

ماوەی چەند رۆژێکی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە تونێلی دەربەندیخان داخراوە، لەم چەند رۆژەشدا ئەمە دووەم رووداوی هاتوچۆیە لەسەر ڕێگای شاخی بەرانان ڕوودەدات.


PM:03:18:06/10/2022