دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، شەڕە تەقە لە نێوان دوو بنەماڵە ڕویدا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی كوژران و برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کاتژمێر (٢:٠٠)ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەی زەوی و زار، لە شارەدێی هەریری سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە دروستبوو.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ڕووداوەکەوە دایک و کوڕێك بە ناوەکانی (مستەفا یوسف)ی تەمەن (٢٥) ساڵ و (ئەمینە کەریم)ی (٥٥) ساڵان و سێ هاوڵاتی دیکەش کە تائێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
هاوکات دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە شەڕەکە کۆنتڕۆل بکەن و لە ئێستاشدا بارودۆخی ناوچەکە ئارامە.