دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دیمەنی رزگارکردنی بەشێک لە کۆچبەرەکانی رووداوی نوقمبوونی یەختەکەی دوورگەی کیسرا بڵاوکردەوە کە بە ٩٥ کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت.
شێخ حسێن نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان ڕایگەیاند" کاتژمێر (٢:٤٧) خولەکی شەوی ڕابروو یەختێک لە نزیک دورگەی (کیسرا) بە (٩٥) کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت، کە تا ئێستا (٨٠) کۆچبەر ڕزگار کراوەن و چەندین تەرمیش دۆزراونەتەوە، کە بەهۆی ئاستەنگیەکانی شوێنەکە و گیرخواردنی کۆچبەرەکان بە زەحمەت توانراوە ڕزگار بکرێن".
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان و بەپێی وتەی ڕزگاربووەکان کۆچبەرەکان لە ڕەگەزی عێراقی و ئەفغانی بوون، کە بەهۆی خراپی تەندروستیانەوە (١١) کۆچبەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە ژێر چاودێری چڕدان.
هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگا لوتکە، بەهۆی هەڵکردنی بایەکی بەهێزەوە یەختەکە خۆی بە بەردێکی گەورەی ناو دەریکەدا کێشاوە و بەو هۆیەوە یەختەکە تێکشکاوە و ژێر ئاو کەوتووە.