ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وه‌ڵامی دژه‌ تیرۆری یەکێتی ده‌داته‌وه‌

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە وەڵامی راگەیەندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی کە تێیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کوژرانی عەقید هاوکار جاف رەتکرایەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. 

لە بڵاوکراوەکەی ئەنجومەنەكەدا هاتووە" دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی 2022ی گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، کە تێیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەناوی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ شەهید بوو و، چوار سەرنشینی دیکەش کە پێکهاتبوون لە هاوسەری و دوو منداڵەکەی و خوشکێکی بریندار بوون. دژەتیرۆری سلێمانی وەڵامێکی زور شڵەژاوانە و بێسەروبەریان بڵاو کردەوە کە ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لە لاوازییان لە بەرگریکردن لەو تاوانبارانەی کە بە بەڵگەوە تێوەگلاون لەو کردەوە تیرۆریستییەی کە خرایە ڕوو. بەڵام لە میانی ئەو وەڵامە لەرزۆکەدا داوای لێکوڵینەوەیەکی نێودەڵەتی دەکەن بو ئاشکراکردنی ڕاستییەکان". 

ئەوەش هاتووە" هەرچەندە بەڵگە و دانپێدانانی تاوانباران هیچ گومانێکی بۆ کەس نەهێشتووەتەوە کە ئەم هێرشە ترسنۆکە تیرۆریستییە بە چ شێوەیەک ئەنجام دراوە، بەڵام وەک ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لاریمان نییە لە بەشداریی هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی لەپێناو دڵنیابوونی هەموو لایەک لە ئەنجامەکان و ئاشکرابوونی ئەو دەستانەی لەپشت ئەو کردەوە تیرۆریستییەوەن". 

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم داوا دەکات، کە هەموو ئەو "تاوانبارانەی لەو کردەوە تیرۆریستییەدا" بەشداربوون ڕادەستی دادگا بکرێن.


PM:11:15:13/10/2022