كچێكی تەمەن ٢٠ ساڵ رفێندرا


کچێکی ٢٠ ساڵەی خەڵكی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە كاتی خۆپێشاندانەكان بریندار دەكرێ‌ و دواتر دەڕفێنرێ تا ئێستە چارەنووسی نادیارە.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، " پەردیس جاویدی ٢٠ ساڵ خەڵكی شاری سنە، لە كاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە دژی كوژرانی ژینا ئەمینی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانەوە بریندار كرابوو، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە ڕفێندراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ڕۆژی شەممە پەردیس لە كاتی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی شاری سنە لە جووتسایدی پاسداران دەكەوێتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان و بریندار دەبێت. پاش ئەوەی ناوبراو لە ماڵێكدا خۆی حەشار دابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە شوێنی هەڵدەگیرێت و دەستبەسەر دەكرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار و شایەتحاڵێكی كاتی دەستبەسەركرانی پەردیس، هێزە ئەمنییەكان ئەو ماڵەیان كە پەردیس جاوید تێیدا خۆی حەشاردابوو داوەتە بەر دەستڕێژ و بە كوتان و لێدان ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پەردیس جاوید خوێندكاری بەشی ڕاهێنانی جەستەیی زانكۆی فەنی حیرفەیی لە شاری سنە بووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەركرانی ئەم كچە خوێندكارە و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی بنەماڵەكەی، شوێنی ڕاگیران و چارە نووسی پەردیس جاوید نادیارە.



PM:11:46:14/10/2022