سه‌رۆك كۆماری عێراق و بافڵ تاڵه‌بانی و پلاسخارت کۆبوونەوە

سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی یه‌كێتی و  نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق  كۆبوونه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ گفتوگۆی نیشتمانی نێوان لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌. 

نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە, لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتی وڵات، پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراقی تێکەوتووە تاوتوێکران". 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە جەختی لە گفتوگۆی نیشتمانی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پارێزەری مافی هەموو گەلانی عیراق بێت.

ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا ھەرسێ لایەن پەرۆشی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری، چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەربڕی، داواشکرا دامەزراوە دەستوورییەکان دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن". 

لای خۆشییەوە بافڵ تاڵەبانی جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند" نابێت جارێکیتر بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت، پێویستە رێچکەی سەرۆک مام جەلال بگرینەبەر و گفتوگۆ و دیالۆگ بکرێنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان.". 


PM:11:01:17/10/2022