لە سبەینێوە دەوامی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەست پێدەكاتەوە


وا بڕیارە لە سبەینێوە زانكۆی سلێمانی دەست بە خوێندن بكاتەوە ئەمەش دوای خۆپیشاندانی چەند رۆژی خوێندكاران.

د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران ڕایگەیاندووە "دوای ئەوەی كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی لە كاتژمێر 1:30ی خولەكی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامدا و چەند خاڵێك و داواكارییەكانیان واژووی لەسەركرا و بە نووسراوێكی واژووكراو پێشكەشكرا، لە بەرامبەر ئەوەدا بڕیاریاندا لە سبەینێوە دەوامی خوێندن و تاقیكردنەوەكان ئاسایی بكەنەوە و خۆپیشاندانەكان ڕادەگرن تا وەكو وەڵامی داواكارییەكانیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەدرێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە ماوەیەكی دیاریكراودا وەك لە نووسراوەكەدا ھاتووە، ڕۆژانی 17- 18- 19ی ئەم مانگەیان بە ئامادەنەبوون بۆ ئەژمار نەكرێت و لە سبەینێوە وانە لەدەستچووەكانی ئەو سێ ڕۆژەیان بۆ دووبارە بكرێتەوە".

لە چەند رۆژی رابردوودا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ چەند داواكارییەكیان خۆپیشاندانیان سازكرد.



PM:06:23:19/10/2022