"شۆفێری خێزانێك دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر كچێكی ماڵەكە"


لە هەرێمی كوردستان شۆفێرێكی خێزانێك دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر كچە خوێندكارێكی ماڵەكە و دواتر پێی زانراوە.

د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشكی دادوەری و مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكی لە فەیسبووكی خۆی باسی رووداوێكی راستەقینەی كردووە كە لە هەرێمی كوردستان روویداوە و نووسیویەتی "منداڵیكی كچ دایكەكەی زۆر بە شڵەژاوی هێنایە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری كە گوایە لەلایەن شوفێرەكەیان (كە چەندەها ساڵە شۆفێری ئەم خێزانەیە) دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر لەكاتی هاتووچۆپێكردنی لەڕێگای قوتابخانە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی وایكردووە ئاشكرا ببێت، لە قوتابخانه ئاگاداری دایكەكە دەكەنەوە كە منداڵەكەی ڕۆژانە دوادەكەوێ لە وانەكانیدا، دایكەكە كە فشاری دەخاتە سەر، منداڵەكە ڕاستییەكانی بۆ باسدەكات".

د.دیلمان وتویەتی "ئێمەی لیژنه پشكنینمان بۆی ئەنجامدا، قسەی دایكەكەمان پشت ڕاستكردەوە وڕاپۆرتێكی پوختمان دا پێی كە 100% دەبێتە بەڵگە بۆ دادگا و بۆ دادوەر".

ئەو پزیشكە دەڵێت "من زۆر تووشی سەرسوڕمان و شۆك بووم بەوەی كە چەند جار پارەی ڕۆژانەی منداڵەكەی بردووە و ئینجا دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر!، بەڕای من لەم حاڵەتەدا بۆمان دەردەكەوێت كە نابێت متمانەی كوێرانە بە هەموو كەس بكەین، بەتایبەتی منداڵ، چونكه منداڵ ناتوانێ پارێزگاری لە خۆی بكات و دایك و باوك بەرپرسن لێی".



PM:02:05:22/10/2022