وەزارەتی كارەبا هەواڵێكی گرنگ سەبارەت بە سیستەمی پێوەری زیرەك رادەگەیەنێت


دانانی سیستەمی پریپەید لە پارێزگای دهۆك گەیشتۆتە 90% و بڕیار وایە لە سەرجەم پارێزگاكان جێبەجێ بكرێت.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، سیستەمی سمارت میتەرزی كارەبا كە پێوەری زیرەكی پێدەڵێن، رێژەی دانانی لە پارێزگای دهۆك گەیشتۆتە 90% و بڕیار وایە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، سیستەمەكە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی كارەبای نیشتمانی هەیە، لەهەمانكاتدا كارەبا كەمتر لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەفیڕۆ دەدرێت، سوودێكی دیكەشی  ئەوەیە، پسووڵەی خوێندنەوەی كارەبا و زانیارییەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێك بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو.

وەزارەتی كارەبا دەڵێت، سیستەمی پریپەید لە دوو شوێنی پارێزگای دهۆك جێبەجێكراوە و سەركەوتنی بەرچاوی تۆماركردووە، لە سەنتەری بازاڕی دهۆك، سێ هەزار و 118 هاوبەشی كارەبا هەیە كە بە رێژە‌ی 80% سیستەمەكەی تێدا جێبەجێكراوە، ئەو بازاڕە هەشت مێگاوات كارەبای پێویستە و دەتوانرێت بۆ ماوەی 24 كاتژمێر كارەبای بۆ دابین بكرێت، واتە هاوڵاتی یان هاوبەش دەتوانێت كارتێك لە سەنتەرەكانی فرۆشتن كە هەر لە نێو بازاڕەكە دانراوە بكڕێت و ئاگاداری بەكارهێنانی بڕی كارەباكەی و بڕی ماوەی بێت.




PM:04:23:22/10/2022