ئازادكردنی مەرجداری گیراوانی بادینان رەتكرایەوە


ئەندامێكی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوكمدراوانی بادینان رایگەیاند، دادگا جارێكی دیكە رەتیكردەوە گیراوانی شیلادزێ بەمەرجی دادی ئازاد بكرێن. 

ئەمڕۆ بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوكمدراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پێشتر لە دادگای كەتنی دەشتی هەولێر لەگەڵ تیمی پارێزەران داوامان كردبوو ئەو پێنج چالاكوانەی شیلادزێ بڕیاری ئازادكردنی مەرجدار بیانگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە دادگەی كەتنی دەشتی هەولێر، بە پشتبەستن بە بۆچوونی داواكاری گشتی و بڕیارێكی كۆنی دادگەی تەمیز كە پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هەیە، هیچ پەیوەندییەكی بەو بابەتەوە نییە، ئازادكردنی مەرجداری ئەو 5 كەسەی شیلادزێی رەتكردەوە".
 
ناوبراو دەڵێت "لە بنەڕەتدا ئەوە راست نییە، چونكە لەسەر هەمان پرس و ماددە خەڵكی دیكە لە هەرێمی كوردستان دەستگیركراوە و سزا دراوە، پاشان بە مەرج ئازادكراوە، بۆیە ناكرێت لە دادگە بانێك و دوو هەوا بێت".
 
رۆژی 16-05-2022 دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆكی دادگایی كرد، كە نێوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەستگیركرابوون. دادگا بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوكمی دوو ساڵ زیندانیكردنی بۆ هەریەك لەو گیراوانە دەركرد.




PM:06:54:23/10/2022