لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوونکردنەوە دەدرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بانکی ناوەندی عێراق نیازی نییە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزێنن". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە وەڵامدا کە لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا ناردوویانە جەختەکاتەوە کە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بکات".  
  
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکردووە" نرخی ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی پۆزەتیڤی هەبووە و تارادەیەکی باش كورتهێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردووەتەوە وێڕای ئەوەی حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆی و دەرەکییەکانیشی بداتەوە". 

دەشڵێت" گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لە ماوی لێک نزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و دروستکردنی كاریگەری خراپ لەسەر چالاکی ئابووری و رەوشی وەبەرهێنان و زیادبوونی چالاکی مضاربە بە دراو، هەروەها دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی". 

باسی لەوەشکردووە، سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی نرخی ئیستای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بە تایبەت بۆ كەمدرامەتەكان، بانکی ناوەند پێی وایە دەکرێت حکومەت لە رێگەی بەخشینی کۆمەک و هاوكاری بۆ ئەو توێژانە وە هەروەها لە رێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی. 


PM:08:15:24/10/2022