رێکخراوی مافی مرۆڤ: ٢٣٤ کەس کوژراون کە ٢٩ یان منداڵن


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای دەکات لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە ٤٠ رۆژی تێپەڕاند لایەنی کەم ٢٣٤ کەس کوژراون، کە ٢٩ کەسیان منداڵن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەمڕۆ ٢٥ ی تشرینی یەکەم ئامارێکی نوێی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردەوەو
ڕاگەیاندووە " ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا کوژراون، لانیکەم گەیشتووەتە ٢٣٤ کەس". بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست ئەم ڕێکخراوە کەوتووە، ٢٩ کەس لە کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

تا ئێستا لە ٢١ پارێزگای جیاوازی ئێران کوژرانی خۆپیشاندەران تۆمارکراون؛ زۆرترین گیان لەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، تاران، گیلان و سنە بووە. ئەوەش بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران.

ئەو ٢١ پارێزگایەی کە خۆپیشاندەرانی تێدا کوژراوە بەم شێوەیەیە: سیستان و بەلوچستان ٩٣ کەس، مازەندەران ٢٨ کەس، تاران ٢٣ کەس، گیلان ١٨ کەس، سنە ١٧ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ١٣ کەس، کرماشان ١٢ کەس، ئەلبۆرز ٦ کەس، خوراسان ڕەزەوی ٤ کەس، ئیسفەهان ٣ کەس، قەزوین ٢ کەس، کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد ٢ کەس، زەنجان ٢ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ٢ کەس، ئەردەبیل ٢ کەس، ئیلام ٢ کەس، بوشەهر ١ کەس، سمنان ١ کەس، خوزستان ١ کەس، ناوەندی ١ کەس و هەمەدان ١ کەس.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەشڵێت: هێرشکردنە سەر خوێندنگاکان و گرتن و دەستدرێژیکردنە سەر خوێندکاران بەردەوامە. ئەوە لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خوێندنگا ئامادەییەکان و زانکۆکان بوونە مەیدانی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان.




PM:07:27:25/10/2022