ئەمڕۆ پێنج شەممە گۆرانیبێژی ناسراوی باشوری كوردستان چۆپی فەتاح بەرهەمێکی هونەری خۆی بە ناوی (سەربەستی) پێشکەشی ڕۆحی ژینا ئەمینی کرد.
(سەربەستی) یەکێک لە بەرهەمەکانی چۆپی-یە و چوار ساڵ پێش ئێستا بڵاویکردۆتەوە، ئەو هونەرمەندە دووبارە بە ڤیدیۆ كلیپێكی نوێ و جیاوازتر و تایبەت بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەم بەرهەمەی نوێکردووەتەوە و پێشکەشی ژینا ئەمینی دەکات.
تێكستی گۆرانییەكە لەلایەن پاوڵ ئێلوارد نوسراوە، بورهانی موفتیزادە ئاوازەكەی بۆ داناوە و نیما جەلیلیان کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە و لە کەناڵی تایبەتی چۆپی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
دوای خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێ و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکان دەربڕیووە.
چۆپی فەتاح لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا بووە بنەماڵەکەی ئەو شارەی بەجێھێشتووە و لە وڵاتی ھۆڵەندا جێگیر بوون، لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەمین ئەلبومی گۆرانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ دووەمجار هاوسەرگیری کردووەتەوە و لە ئێستادا خاوەنی کچێکە بە ناوی (لیڤیا).