لە بارەی نرخی ئەو نەوتەی دەدرێت بە هاوڵاتیان روونکردنەوە دەدرێت


پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و دەشتاییەكان بڕەکەی جیاوازە ، هاوکات حکومەت سوورە لەسەر سەندنی ١٠٠ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک.

فەلاح مەولوود بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی پارتی رایگەیاندووە" دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر چوار ملیۆن و ٤٨٨ هەزار و ٣١٠ لیتر، لە پارێزگای سلێمانی هەشت ملیۆن لیتر، لە پارێزگای دهۆك شەش ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ١٧٤ لیتر، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٢٢٠ هەزار لیتر، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەك ملیۆن و ٢١٣ هەزار و ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەش كراوە. 

بەپێی داتاكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە دهۆك ١٠ هەزار و ٧٠٠ خێزان و لە گەرمیان هەزار و ١٠٠ خێزان و لە سۆران شەش هەزار و ٦٦ خێزان، نەوتیان وەرگرتووە كە كۆی گشتی دەگاتە ١٧ هەزار و ٨٦٦ خێزان و بۆ هەر خێزانێكیش ٢٠٠ لیتر دابین كراوە. 

فەلاح مەولوود گوتی، بڕە نەوتێكی زۆر لە كۆگەكانی بەڕێوەبەڕایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی هەیە، هەر كاتێك لە ڕێی قایمقامییەتەكانەوە داوا بكەن، نەوتەكەیان بۆ دەنێرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان لەبارەی نرخی نەوتی سپی گوتی، نەوتی سپی ٢٨٤ هەزار دینار لەسەر حكوومەت دەكەوێت و بە نرخی پاڵپشتیكراوی ١٠٠ هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.

ئێستا پرۆسەی دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان بەردەوامە، دوای ئەویش لە ناوچەكانی دەوروبەر و سەنتەری شارەكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.



PM:01:30:31/10/2022