وەزارەتى خوێندنى باڵا ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد و به‌پێی یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش، ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی هەرێم کۆبونەوەى ژمارە حەوتی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو.  

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە" لە خاڵى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوە کە بەئامادەبونى نوێنەرانى دەرچوانى ساڵى ڕابردوى دوانزەى ئامادەیى بەڕێوەچو، تایبەت بوو بە زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنى وەزارەت دواى تاوتوێکردنى ورد و گفتوگۆى چڕو وەرگرتنى وتەى هەریەک لە نوێنەرى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێجى پزیشکییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزارەت بەرزدەکرێتەوە". 

خاڵى دووەمی بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە" تایبەت بوو بە یەکخستن و ڕێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن". 

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشت بە دیدگاو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لە قۆناغی دوانزەی ئامادەی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت.  

لە هەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچوانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).  

بەپێى خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبونەوە، ئەنجومەنى وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتاى مانگى داهاتو لەشارى هەولێر ئەنجامبدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیکردەوە کە: ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیى بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەوە کرد وەزارەتى خوێندنى باڵا کاردەکات بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان لەهەردو کەرتی گشتی وخویندنی تایبەت دا چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموکات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەمە.  

هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى دەربارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکرا، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە.  

بۆ چارەسەرکردنى ناونیشانى وەزیفى ئەو بەشانەى زانکۆى چەرمو لە چەمچەماڵ کە ناونیشانى وەزیفیان نیە یان ناونیشانەکانیان ڕون نین، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنوسى لێژنەى تایبەتمەندى وەزارەتى بەکۆى پێشنیازەکان پەسەندکرد، کە لەپاش کۆبونەوەیان لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان و وەرگرتنى ڕاى شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى کارگێڕى و دارایى، چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو بەشانە دیارى کردبو کە کێشەى ناونیشانیان هەبوە.  


PM:10:01:31/10/2022