کەنەدا ملیۆن و نیوێک کۆچبەر وەردەگرێت



لە نێوان ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ وڵاتی کەندا ١ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کۆچبەر وەردەگرێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری شۆن فرایزەر، وەزیری کۆچبەری کەنەدا ڕایگەیاندووە" ئامانجی سیاسەتە نوێیەکە بۆ ڕاکێشانی کۆی گشتی یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کۆچبەرە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥".

شۆن فرایزەر، وەزیری کۆچبەری کەنەدا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تۆرۆنتۆ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پێویستی بە کۆچبەری زیاترە، جەختی لەوە کردەوە کە "کەنەداییەکان لە پێویستی بەردەوامبوون لە زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان تێدەگەن، ئەگەر بمانەوێت پێداویستییەکانی هێزی کار دابین بکەین، و هاوسەنگی بگەڕێنینەوە بۆ کێشەی دیمۆگرافی".

ئەو بەرپرسە کەنەدییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی بە "رەوتی نیگەرانکەر" لە دیمۆگرافیای کەنەدیدا وەسفیکردووە، بریتییە لە ڕێژەی بەرزی پیربوون، و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە نزیکن لە تەمەنی خانەنشینی، بەو پێیەی داتاکان کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر لێواری تەمەنی خانەنشینین لە کەنەدا دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی.

نیۆرک تایمز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەڵوێستی حکومەتی کەنەدا سەبارەت بە کۆچبەری بە "جیاواز" ناوزەد دەکات لەگەڵ هەڵوێستی حکومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای وەک سوید و ئیتاڵیا، کە پارتە راستەڕەوە تازە هەڵبژێردراوەکانیان هەوڵدەدەن کۆچبەری سنووردار بکەن و کۆچبەران بە بەرپرسیارێتی تاوان و ئاژاوەگێڕی بە بەرپرسیار دەزانن.



PM:05:53:02/11/2022