شاندێکى هەرێم بۆ پرسی بودجە سەردانی بەغداد دەکات

بڕیارە دوای کۆتایهاتنی کۆنگرەی (١٤)ی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە سەردانی بەغداد بکات. 

لەمبارەیەوە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجەی ئەم دوو مانگەی ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو، دوای کۆنگرەی پارتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات سەردانی بەغدا دەکات". 
 
وتیشی" مەسرور بارزانی داوای کردووە شاندەکە لە لیژنەیەکی وزاری پێکهاتبێت پەیوەندیدار بە بابەتی بودجە". 

سەبارەت بەوەی هیچ گۆرانکارییەک دەبێت لە ستراتیژی پارتی لەناو حکومەتی هەرێم و بەغدا، ئاماژەی بەوەکرد" ئێمە نوێنەرایەتی پارتی دەکەین لەناو حکومەت، بەڵام حکومەتیش بەرنامەی حکومی خۆی هەیە، ئەم دید و تێروانینەی لەم کۆنگرە دەخرێنە ڕوو، بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی بەغدا و هەرێم". 

لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ یەکەم کۆنگرەی پارتی بە نھێنی لە شاری بەغداد لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر، ئەمرۆش کۆنگرەی ١٤ی ئەو حیزبە لە دهۆک بەرێوەدەچێت. 


PM:03:45:03/11/2022