بە 10 كاتژمێر جیاكردنەوەی دەنگەكانی سەركردایەتی پارتی كۆتایی دێت


بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، جیاكردنەوەی دەنگەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێویستی بە 10 كاتژمێرە تا تەواو دەبێت و ئەنجامەكان ئاشكرادەكرێت.

خالید عەباس، لە نووسینگەی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵا سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیای مەسرور بارزانی راگەیاندووە،  بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی ژماره 36ی ساڵی 2015، بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەی 14ی پارتی بەشدارییان كردووە، تائێستاش پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەشێوەیەكی ئاسایی و رێكوپێك بەڕێوەدەچێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دوای ئەوەی كێشەی تەكنیكی بۆ دەنگدانی ئەلیكتڕۆنی دروستبوو، لەگەڵ دەستەی دادوەران داوایانكردووە پشت بە دەنگدانی بەدەست ببەستن، ئەندامانی كۆنگرەش سەرپشك بوون لە هەڵبژاردنی شێوازی دەنگدان.

خالید عەباس روونیكردەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێویستیان بە 10 كاتژمێرە بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی كلاسیكی بەهۆی ئەوەی دەنگدانەكە بەشێوەی دەستی ئەنجامدراوە و بەوشێوەیەش دەنگەكان جیادەكرێتەوە و هەژماردەكرێت.



PM:05:23:05/11/2022