بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپشاندان دوو مێردمنداڵ بە چوار ساڵ زیندانی سزادران

بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و سوتاندنی موڵک و ماڵی دەوڵەت دوو مێردمنداڵ سزای چوار ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. 

لەمبارەیەوە عەبدوڵای مەلا نوری هەڵسوراوی پێشووی بزوتنەوەی گۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوێنێ شەو ئارامی برام تەلەفۆنی بۆ کردم و ئاگاداری کردمەوە، کە دوو گەنجی ١٤ ساڵ و ١٥ ساڵی سنوری کەلار، هەریەک بە چوار ساڵ سجن سزا دراون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" لەسەر خۆپیشاندانێک، دوو ساڵێک پێشتر لە کەلار ئەنجامدراوە و تێدا یەک دوو ئۆتۆمبێل و بەشێک لە قائیمقایمیەتی کەلار سوتێنراو هەندێک شوشەی نەخۆشخانەی قەڵا شکێنرا". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە: 

بانگەوازێک بۆ خەڵکانی بە ویژدان..،

تکایە تکایە ئەو دوو گەنجە قوربانی دەستی جەلادەکانی حیزبن با فریایان بکەوین…

خوێنەری بەڕێز تکا دەکەم نوسینەکە تا کۆتایی بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی بزانیت چ تاوانێک دەرحەق بەو دوو گەنجە ئەنجام دراوە؟!

دوێنێ شەو ئارامی برام تەلەفۆنی بۆ کردم و ئاگاداری کردمەوە، کە دوو گەنجی ١٤ ساڵ و ١٥ ساڵی سنوری کەلار ، هەریەک بە چوار ساڵ سجن سزا دراون.

لە سەر خۆپیشاندانێک، دوو ساڵێک پێشتر لە کەلار ئەنجامدراوەو تێدا یەک دوو ئۆتۆمبێل و بەشێک لە قائیمقایمیەتی کەلار سوتێنراو هەندێک شوشەی نەخۆشخانەی قەڵا شکێنرا!

سەرەتا هەواڵەکە بۆ من تەواو نوێ بوو، چونکە لەوکاتەوە تا دوێنێ من بۆ خۆم نەمبینیوەو نەمبیستووە کەسوکاری ئەو دوو گەنجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا، یان بە بڵاوکردنەوەی یاداشتێک بۆ رای گشتی باسی ئەوە بکەن کە کوڕەکانیان لە لایەن نوێنەری حکومەتەوە سکاڵایان لە سەر کراوە.

بە هەر حاڵ، هەر دوێنێ لە گەڵ کەسوکاری یەکێک لە گەنجەکان قسەم کرد، داوام لێکرد نوسخەیەک لە بڕیارەکەی دادگام بۆ بنێرن، پاش خوێندنەوەی بڕیارەکە لە گەڵ پارێزەرەکەیان قسەم کرد، دواتر لەگەڵ بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە قسەم کرد، کە سکاڵاکەی کردووە، ئەمرۆ هەر لە بەدواداچوندا بووم.

بەڕێزان؛ ئەوە هیچ لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەی دادگادا بۆم دەرکەوت ، کە بەڕێزان دادگا زۆر دڵڕەقانە سزای ئەو دوو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانەیان داوە!

بەڵام کاتێک تەماشای رۆژو رێکەوتی ئەو خۆپیشاندانەم کرد توشی شۆک بووم، کە زانیم ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٠؛ ئا لەم کاتەدا خوداو مێشکم هاوکارمبون، کە نوسینێکی خۆمم بیرکەوتەوە، کە رێک لە (شەوی) ئەو رۆژەی خۆپیشاندانەکەدا نوسیومەو، لە نوسینەکەمدا کە لە سەر بنەمای زانیاری ورد باسی ئەوە دەکەم کە هەمو کارە ئاژاوەگێڕیەکانی سنوری کەلار راستەوخۆ هاندان و دەستی حیزبی دەسەڵاتی سنورەکەی تێدایە، واتە یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکانی!

جا بەڕێزان ئەمەی خوارەوە دەقی نوسینەکەی ئەو کاتەمە فەرمون بیخوێننەوە:

ئەمەی دەیڵێم زانیاری راست و دروستە:

یەک: دوێنێ پارتی بە فەرمی لەسەر خۆپیشاندانەکان گللەیی خۆی گەیاندوتە یەکێتی و داوایان کردووە لەم سنورەشدا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنرێ و بە دەردی هەولێرو دهۆک ببرێ.

دوو: ئەمڕۆ دەزگا ئەمنی و حیزبیەکانی دەسەڵات لە گەرمیان، بە چەند چالاکێکی خۆپیشاندانەکانیان وتووە، کە لە کەلار گرژی دروست دەبێت. 

واتە خودی دەسەڵات پلانیان بۆ دروستکردنی گرژیەکان داناوە.

بۆیە چ لێدان لە خەڵک و چ هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی قەڵاو هەر دەزگایەکی تری خزمەتگوزاری لە گەرمیان و لە هەر شوێنێکی تریش دور و نزیک پەیوەندی بە ئەخلاقی بەرزی خۆپیشاندەران و خواستەکانیانەوە نیە.

بەڵکو پلانی مافیاکانی دەسەڵاتە بۆ گومان دروستکردن لە سەر خۆپیشاندانەکان و ناشرینکردنی.

خۆ ئەگەر کەسانێکی خۆپیشاندەری دڵسۆز و دڵپاک کەوتبنە ناو پلانەکەی دەسەڵاتەوە ئەوا دیسان هەر ئەو دەسەڵاتە گڵاوە لێی بەرپرسیارە.
هیوادارم خۆپیشاندەرانی دڵسۆزو بەڕێز خۆیان لە پلانە پیسەکانی دەسەڵات بپارێزن.

عەبدوڵای مەلا نوری
٢٢/٨/٢٠٢٠

خوێنەری بەڕێز:
خەڵکی بە ویژدان:

ئێستا بزانن ئەو دوو گەنجە بێگوناه و دڵپاکە چۆن کەوتونەتە داوای ئەو دەسەڵاتە بێڕەوشت و دژە مرۆڤ و ئازادیەوە!

بەڕێزان؛ بە هەمو پێوەرێکی ئەخلاقی و قانونی و ئینسانی، ئەو نوسینەی ئێمە کە وا لە خوارەوە لینکەکەشی دادەنێم، کافییە بۆ ئەوەی ئەو دادوەرە بەڕێزانەی کە لە کەلار سزای ئەو دو گەنجەیان داوە هەر خودی خۆیان داوا لە بەڕێزان دادگای تەمیز بکەن بڕیارەکەیان هەڵبوەشێنێتەوە و راستەوخۆ هەردوو گەنجەکە ئازاد بکرێن…

چونکە ئەو دو گەنجە تەمەن و ئاستی ژیرییان هی ئەوەیە ئاوا بە ئاسانی بکەونە ناو داوو پلانی دەسەڵات و حزب گەلێکی ئاوا نابەرپرسەوە!!!

لێرەوە تکاو داوا لە هەمو مرۆڤێکی بە ویژدان دەکەم وەک کوڕو براو کەسوکاری خۆیان داکۆکی لەو دوو گەنجە بکەن و با بە هەمومانەوە خاوەنداری لە کەیسەکەیان بکەین.

عەبدوڵای مەلا نوری


PM:11:19:10/11/2022