داوای مانگرتنی گشتی لە ئێران دەكرێت


ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە هاوڵاتیانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات بۆ ماوەی سێ رۆژ مانگرتنی گشتی رابگەیەنن.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "زیاتر لە دوو مانگە كە ئاخێزی شۆڕشگێرانەتان دژی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بەردەوامە و زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی گرتووەتەوە. خەڵكی خۆڕاگر و خەباتكاری ئێران لە شۆڕشی نوێی ژن، ژیان، ئازادی روخانی ئەم رژیمە خوێنڕێژەیان كردوەتە ئامانج و تا سەركەوتنی یەكجاری هەدا نادەن".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە بە بێ هاودڵی و یەكگرتوویی زیاتری هەموو چین و توێژەكانی خەڵك بەسەركەوتن ناگات. ئێمە داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەكان، چالاكوانانی مەدەنی و هەموو توێژەكانی خەڵك لەسەراسەری ئێران دەكەین  لە پێناو بەهێزكردنی ئەم یەكگرتووییە و پشتیوانی لەخەڵكی خەباتكاری كوردستان رۆژی پێنجشەممە 3ی سەرماوەزی 1401 مانگرتنێكی گشتیی بەڕێوە ببەن".



PM:09:16:22/11/2022