وردەکاری کۆبوونەوەی سودانی و بافڵ تاڵەبانی راگەیاندرا


ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی یەکێتی بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە رێز لەو رێككەوتنە سیاسییانەی نێوان كورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بگیرێت.  
  
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، هاتووە "‏‎لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی بەرنامەی حكومەت كە خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداریدا دەبینێتەوە."   
  
 بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە نیشتمانییانە كردەوە كە لە بەرنامەی حكومەتدا جێگیركراون و رایگەیاند، "دەبێت رێز لەو رێككەوتنە سیاسییانەی نێوان كورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بگیرێت، دەستوور بكرێتە بنەمای چارەسەركردنی ریشەییانەی كێشەكان و هاوبەشیی راستەقینە پەیڕەوبكرێت، ئەمەش فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و كۆمەڵایەتییە لە وڵاتدا."   
  
‏‎لەبارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و گۆڕانكاری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، " ئەركی حكومەتی نوێیە بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بكات، ناكۆكییە سیاسییەكان تێكەڵی حوكمڕانی و مافەكانی هاوڵاتییان نەكرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان دەبێت.  
  
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "پرسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکان تەوەرێکی تری گفتۆگۆکان بوو لەو بارەیەوە بڕیاری پێویست دران."  



PM:10:13:26/11/2022