هەپەگە سود لە کەشوهەوا وەردەگرێت
گورز ئاراستەی سوپای تورکیا دەکات


هێزەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەکەکە سوود لە کەشی باراناوی ناوچەکە وەردەگرن و گورزێکی کوشندە لە سەربازانی تورک لە ناوچەی زاب دەدەن.

فراتنیوز بڵاویکردەوە، " لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوەی شۆڕشگێریدا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی، لەدژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامدرا، ١٧ داگیرکەر سزادران و ١٠ سەنگەری داگیرکەرانیش تارومارکران".

هەروەها لە سەرچاوەکانی نێو هەپەگە رایانگەیاندووە" لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە رۆژئاوای زاپی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، لەدژی داگیرکەران، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوەی شۆڕشگێریان ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٧ داگیرکەری تورک سزادراون و ١٠ سەنگەری داگیرکەرانیش تارومارکران".

ئەوە لە  کاتێکدایە کە بەهۆی کەشوهەوای باراناوی و تەمومژی ناوچەکەوەو کەمبوونەوەی کاریگەری فڕۆکەی درۆن و فڕۆکەکانی تر، گەریلای پەکەکە سودیان لەو کەشە وەرگرتووەو دەستیان بە هێرشکردووەو، هەر دوێنێ شەویش شەممە بەپێی زانیارییەکانی سپی، تورکیا رۆژهەڵاتی ئامیدی بەسەختی تۆپاران کردووە، پێشبینیش دەکرێت ئەو جۆرە هێرشانە لە رۆژان و ئەم چەند مانگەدا روو لە زیادبوون بکەن.



AM:09:51:27/11/2022