خانەوادەی نەقیبە کوژراوەکەی سلێمانی: تا ئێستا هیچ دانیشتنێكى دادگا بۆ بکوژەکان به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر كوژرانى نەقیب محەمەد لەتیف ئه‌فسه‌رى بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان له‌ سلێمانى تێدەپەڕێت، خانەوادەکەی ڕایده‌گه‌یه‌نن" تائێستا هیچ دانیشتنێكى دادگا بۆ بکوژەکان به‌ڕێوه‌نه‌چووە". 

له‌ ڕونکردنەوەیەکەدا خانەوادەی نەقیب محەمەد باس لەوەدەکەن" ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی کوڕەکەماندا تێدەپەڕێت، نەقیب محەمەد ئەوکاتەی شەهیدکرا لەئەرکی فەرمیدابوو، پاڵپشت بەفەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا ڕاسپێردرابون داواکراوێک دەستگیربکەن، بەڵام هێرشیانکرایەسەر".

دەشڵێن" بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە پرسەی کوڕەکەی ئێمە پرسەیەکی گشتیی خەڵکی کوردستان بوو، هەموان وەکو خێزانەکەی غەمباربون بۆ لەدەستدانی گەنجێکی دڵسۆزو پڕ لەوزەو بوێری وەکو کاکە محەمەد، بەڕێزان بەداخەوە، ئێمە هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەرو تازەمان پێ نییە لەبارەی بەرەوپێشچونی ڕەوشی دادگاییکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، کە جگە لەشەهیدبونی نەقیب محەمەد، برینداربونی چوار پۆلیسی دیکەو سوتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس‌و زیاتر لەوەش تاوانی "هەڵاتن لەدەستی یاسا"ی تێدایە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیرکردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێکی دادگا بەڕێوەنەچوە، ڕەنگە زۆریی کەیسەکان لەدادگا وایلێکردبین ئەم دواکەوتنەمان قبوڵبێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی لەدۆسیەکەدا قبوڵناکەین".

دەقی ڕوونکردنەوەکە: 

روونکردنەوەیەکی پێویست بۆ بەرچاوی رایگشتی

بەڕێزان، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی کوڕەکەمان "نەقیب محەمەد لەتیف" تێدەپەڕێت. نەقیب محەمەد ئەوکاتەی شەهیدکرا لە ئەرکی فەرمیدا بوو، پاڵپشت بە فەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا راسپێردرابوون داواکراوێک دەستگیربکەن، بەڵام هێرشیانکرایە سەر.

سەرباری سوپاس و پێزانینمان بۆ پشتیوانی و فشاری دڵسۆزان و لایەنی پەیوەندیدار لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، بەڵام جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆ ئەوەش لەگەڵ دڵسۆزانمان بەشبکەین، کە دۆسێی دادگاییکردنی تاوانبارەکان گەیشتووە بەکوێ.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی، کە پرسەی کوڕەکەی ئێمە پرسەیەکی گشتیی خەڵکی کوردستان بوو، هەموان وەکو خێزانەکەی غەمباربوون بۆ لەدەستدانی گەنجێکی دڵسۆز و پڕ لە وزەو بوێری وەکو کاکە محەمەد. بەڕێزان بەداخەوە، ئێمە هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر و تازەمان پێ نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی رەوشی دادگاییکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، کە جگە لە شەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیکە و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی "هەڵاتن لەدەستی یاسا"ی تێدایە.

وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیرکردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێکی دادگا بەڕێوەنەچووە. رەنگە زۆریی کەیسەکان لە دادگا وایلێکردبین ئەم دواکەوتنەمان قبوڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دۆسیەکەدا قبوڵناکەین.

بەلامانەوە گرنگە بۆ هەموان روون بێت، کە لایەنی داواکار لەسەر ئەم کەیسە تەنها ئێمە نین، بەڵکو حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی پێکەوە هەموومان وەکویەک خاوەنی کەیسەکەین و تەنها رێگەیش بە یاسا و دادگا دەدەین کاری خۆی بکات.

ئەم روونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی، بەوپێیەی رۆژانە پەیوەندییەکی زۆری دۆستان و دڵسۆزان و دەزگا میدییاییەکانمان بۆ دێت، کە هەر وەکو ئێمە لەخەمی کەیسەکەو بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکاندان.

ماڵی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف هەرگیزا و هەرگیز نە سوڵحمان کردووە و نە سوڵحیش دەکەین، نە هیچ دانیشتنێکی کۆمەڵایەتیی قبوڵدەکەین بۆ لەدەستدانی ئەم رۆڵە ئازیزەمان. بەڵکو تەنها چاومان لە دادگایە و هیوامانوایە "یاسا" کاری خۆی بکات و هەر خۆی سەروەر بێت.

ماڵی شەهید نەقیب محەمەد
4ی کانوونی یەکەمی 2022
ساڵێک پاش شەهیدبوونی کاکە محەمەد


PM:03:24:04/12/2022