سلێمانی.. بتڵێکی دیکەی غاز گڕیگرت و دوو کەس برینداربوون

بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی تەقینەوەی بزوێنەری غاز دوو کەس بوونە قوربانی. 

ئارام عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە سلێمانی ڕایگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بتڵێکی غاز لە ماڵێک لە گەڕەکی تاسڵوجەی سنوری پارێزگای سلێمانی تەقییەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ڕووداوەکەوە ژن و پیاوێک برینداربوون، لە ئێستاشدا تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی. 

بەپێی زانیارییەکان، پیاوەكە تەمەنی (٧٠) ساڵە و (١٢%)ی جەستەی سووتاوە و ژنەكەش تەمەنی (٦٣) ساڵە و (٤٦%)ی جەستەی سووتاوە کە باری تەندروستی ناجێگیرە. 


AM:11:48:06/12/2022