کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان ئاشکرا کرا

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت" له‌ئێستادا ١٤ كاتژمێر به‌تێكڕا له‌ شه‌و و رۆژێكدا كاره‌با ده‌درێته‌ هاوڵاتیان". 

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبارەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە لێدوانێكدا بە پێگەی رەسمی حكومەتی راگەیاند" لەئێستادا ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بوەتە ٣٦٠٠ مێگاوات و ٢٠٠ مێگاوات بۆ تۆڕی گشتی کارەبا زیادبووە". 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و ئەمساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە، ١٥٠٠ مێگاوات خواست لەسەر کارەبا زیادبووە. 

وتیشی" لەئێستادا تێکڕای کاژمێرەکانی پێدانی کارەبا ١٤ کاتژمێرە، بۆ نمونە لە گەرمیان ١٧ کاتژمێر، لە سلێمانی ١٠ کاتژمێر، لە دهۆک ١٤و لە هەولێر ١٢ کاتژمێرە، کەواتە دەتوانین بڵێین کە بە تێکڕایی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، ١٤ کاتژمێرە". 

ئومێد ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر بڕی کارەبای هاوڵاتییان لە ٤٠ ئەمپێرەوە نەکرایە بە ٣٠ ئەمپێر، دەتوانرا رۆژانە ١٢ کاتژمێر بە تێکڕای کارەبا بە هاوڵاتییان بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەرزبوەتەوە بۆ ١٤ کاتژمێر.


PM:08:52:08/12/2022