كۆمیتەی ئازادكردنی ئۆجەڵان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە


كۆمیتەی ئازادكردنی ئۆجەڵان رایدەگەیەنێت "دژبەئەشكەنجەی كۆنسەی ئەوڕوپا(CPT) لەم ماوەیەدا دووجار چۆتە ئیمڕاڵی، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی (پارێزەرانی دۆزی سەدە) هەردوو جاریش چاوپێكەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیكە ئەنجام نەدراوە. بەڵام نازانرێ بۆ ئەنجام نەدراوە. (CPT)یش هیچ لێدوانێك لەم بارەیەوە نادات و راستییەكان ئاشكرا ناكات و راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاوناكاتەوە. ئەمەش دۆخێكی نائاسایی و مەترسیداری جددییە.

دەقی راگەیەنراوەكە..

بۆ رای گشتی
بیرمەند و رێبەری ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، كە لەمیانەی پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی قێزەوندا بەدیلگیرا، ٢٤ ساڵە لەدژوارترین دۆخدا لە زیندانی ئیمڕاڵی دایە. بچووكترین مافی زیندانییەكی پێ رەوا نابینرێت. گۆشەگیرییەكی توند، رێگەنەدان بە سەردانیكردنی خانەوادە و پارێزەرەكان و دونیای دەرەوەی زیندان، رێگەنەدان بە نووسین و خوێندنەوە و لێسەندنەوەی پێنووس و دەفتەر و پەرتووك و رادیۆ، سزادانی بەردەوام بەناوی سزای دیسلپینی و دەیان پێشێلكاریی دیكە دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیكەی ئیمڕاڵی پەیڕەو دەكرێت.

لەكاتێكدا زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵێك لەبارەی ژیان و تەندرووستی بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیكەی ئیمڕاڵی نییە و نازانرێت چی لە ئیمڕاڵی گوزەراوە و دەگوزەرێت، لە دۆخێكی وەهادا؛ كۆمیتەی دژبەئەشكەنجەی كۆنسەی ئەوڕوپا(CPT) لەم ماوەیەدا دووجار چۆتە ئیمڕاڵی، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی "پارێزەرانی دۆزی سەدە" هەردوو جاریش چاوپێكەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیكە ئەنجام نەدراوە. بەڵام نازانرێ بۆ ئەنجام نەدراوە. (CPT)یش هیچ لێدوانێك لەم بارەیەوە نادات و راستییەكان ئاشكرا ناكات و راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاوناكاتەوە. ئەمەش دۆخێكی نائاسایی و مەترسیداری جددییە.
بێگومان سیستەمی زیندانی ئیمڕاڵی هەر تەنیا زیندانێك نییە، بەڵكو سیستەمێكی تاوان و ئەشكەنجەی نێودەوڵەتییە، ئەم سیستەمەی ئیمڕاڵی ٢٤ ساڵە بۆتە ئەڵقەیەك لەسیستەمی نكۆڵی و قڕكردن و تواندنەوە و چەوسانەوەی گەلی كورد و دەخوازن بەسەر تەواوی گەلی كورددا بیسەپێنن، لەهەمانكاتدا بۆتە درێژكراوەی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەكەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. بۆیە لێرەدا حكومەت و دەوڵەتی توركیا و (CPT)و ناتۆ و هەموو دەزگاكانی یەكێتی ئەوروپا بەرپرس دەبینین لە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیكە.
لەكاتێكدا (CPT) ئەركی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ ناكات و دژ بە هەموو جۆرە ئەشكەنجەكانی سیستەمی ئیمڕاڵی هەڵوێست وەرناگرێت و پەیڕەوی رێسای "مافی هیوا" ناكات كە دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بكرێت، كەچی بۆتە بەشیك لە سیاسەتی دژەكورد و دژە ئازادییانەی دەوڵەتی توركیا و ناتۆ و گوێ بە هیچ پێوەرێكی یاسایی و مافەكانی مرۆڤ و ئەركە ئەخلاقییەكانی نادات، بەهیچ شێوەیەك هەستیارێتی گەلی كورد لەبەرچاو ناگرن و گوێ بەوە نادەن كە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی كورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی هۆكاری شەڕ و ئاشتیی، ژیان و ئازادیی و كۆی بەهاكانیەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە (CPT) بۆتە بەشێك لەجێبەجێكردنی ئەڵقەیەكی تری پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر ئۆجەلان و گەلی كورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەكەی.
بۆیە ئێمە وەك كۆمیتەی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە باشووری كوردستان، لەبارەی ئەم دۆخە نائاسایی و مەترسیدارەدا ئەوە دەخەینەڕوو كە دەوڵەتی داگیركاری توركیا لە هێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر گەلی كورد و هێرشە دڕندانەكانی بە چەكی قەدەغەكراو و كیمیاوی بۆ سەر گەریلاكانی ئازادیی و بۆردومانی بەردەوامی بۆ رۆژئاوای كوردستاندا شكستی مەزنی خواردووە و بێ ئەنجام ماوە، لە دۆخێكی وەهادا بۆ مانەوەی خۆی دۆخێكی نائاسایی لە زیندانی ئیمڕاڵی درووست كردووە و ئەمەش بە هاوكاریی و بێدەنگیی (CPT) و كۆنسەی ئەوروپا و ناتۆ بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلەكەمان و تەواوی ئازادیخوازانی دونیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەكان لەم دۆخە نائاساییەدا ئاگادار بن و هەڵوێستی پێویست وەربگرن، لەم دۆخەدا هەڵوێستی جددیانەی گەلەكەمان دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ و یەكلاییكەرەوە ببینێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییەدا. بۆیە بانگەوازی لەهەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمان، پارت و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوە مەدەنییەكان، رۆشنبیران، پارێزەران، چالاكوانان دەكەین كە لە هەر چوار لای كوردستان و دەرەوەی وڵات، بە چالاكی جۆراوجۆر و بەكاریگەر، لە شەقامەكان و گۆڕەپانەكاندا، لەبەردەم نووسینگەكانی (CPT) و كۆنسەی ئەوڕوپا و پەرلەمانی ئەوروپا و ناتۆ و دامودەزگا نێودەوڵەتییەكان، بە رۆحی سەفەربەریی و بەیەكگرتوویی هەڵوێستی وڵاتپارێزیی و ئازادیخوازیی خۆیان دەرببڕن.
 
كۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان - باشووری كوردستان 
8.12.2022






PM:09:45:09/12/2022