داوای مانگرتنی سەرتاسەری لە خەڵكی ئێران دەكرێت


بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی سەرتاسەری داوا لە خەڵكی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن لە دوو رۆژی كۆتایی ئەم مانگەدا مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنن.

دەقی راگەیەنراوەكە..

بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی سەرتاسەری

خەڵكی خەباتكاری ئێران!
ژنان، خوێندكاران، مامۆستایان، كرێكاران، خەڵكی ئازادیخوازی ئێران و كوردستان!

سێ مانگ بە سەر كوشتنی زاڵمانەی ژینا (مەهسا) ئەمینی و دەستپێكی شۆڕشی نوێ ‌و خرۆشانی جەماوەریی خەڵك دژی دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامی تێپەڕی.
لەم ماوەیەدا سەدان كەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێراندا شەهید، هەزاران كەس بریندار و هەزاران كەسی دیكەش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كراون. 

هاوكات لە ڕۆژانی ڕابردودا ڕێژیم بۆ نانەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و بە مەبەستی سەركوتی زیاتری خەڵكی ناڕازی و كپكردنی ڕاپەڕینەكە، سزای لەسێدارەدانی بە سەر لانیكەم ٢٢ كەس لە گیراوەكانی ئەم دواییانەدا سەپاندووە و بەداخەوە ژمارەیەك لەم شۆڕشگێڕە بەندكراوانە لەسێدارە دراون.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی و گوشاری ئابووری لەسەر خەڵك و كاسبكاران و بازاڕییان، داوا لە هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران و كوردستان دەكات دژبە سیاسەتی سەركوتی ڕێژیم و كۆتایی‌هێنان بە ئێعدامی ئازادیخوازان و هەروەها ئازادكردنی بێ‌مەرجی سەرجەم زیندانییانی سیاسی، بەتایبەتی گیراوەكانی ئەم دواییانە، ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەز بەشداری لە مانگرتنێكی سەرانسەری و یەكپارچەدا بكەن و بەو بەشدارییە جارێكی دیكە دەنگی خۆیان بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوێی خەڵكی جیهان بگەیەنن.

داوا لە هەموو چالاكانی سیاسی و مەدەنی، حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران و ئازادیخوازانی دەرەوەی وڵاتیش دەكەین بە پشتیوانیی خۆیان لەم مانگرتنە سەرانسەرییە جارێكی دیكە یەكگری و یەكگرتوویی هەموو توێژەكانی خەڵك تا ڕووخانی ڕژیم بەهێز بكەن.

بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی،
بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٧ی سەرماوەزی ۱٤۰۱



AM:12:05:19/12/2022