"بەرپرسانی یەكێتی لەبەرەكانی جەنگدان و كاتی كۆبونەوەیان نەبووە لەسەر پرسی پارێزگار"

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە پرسی حكومەتی خۆجێی سلێمانی دەڵێت "بەرپرسانی یەكێتی لەبەرەكانی جەنگدان و كاتی كۆبونەوەمان نەبووە لەسەر پرسی پارێزگار".

سبەی دووشەممە وادەی كۆبونەوەی دواخراوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكە و پارێزگاری شارەكەیە كە بەهۆی ناكۆكی نێوان دوو لایەنی سەرەكی ئەنجومەنەكەوە لەسەر پۆستی پارێزگار چوار كۆبونەوەی پێشتری ئەنجومەنەكە دواخراون‌و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان داوا لەلایەنەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات كۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنەكە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی دوا بخەن.

له‌م باره‌وه‌ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌ به‌ ئاژانسی ئانادۆڵی‌ راگه‌یاندووه‌: "بەهۆی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعشەوە بەرپرسانی یەكێتی لەبەرەكانی جەنگدان و كاتی كۆبونەوەمان نەبووە لەسەر پرسی پارێزگار".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژەی به‌وه‌ كرد كه‌ داوایان لە لایەنەكان كردووە بۆ دواخستنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و دیاریكردنی پۆستی پارێزگار بۆ كاتێكی دیكه‌.

ئەو وتی: "پەیامی خۆمان گەیاندۆتە هەمو لایەنەكان و داوامان كردووە كۆبونەوەكە دوابخەن، كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە و هەڵبژاردنی پۆستەكان بەبێ‌ یەكێتی سەركەوتوو نابێ‌ و دۆخێكی دژوارتر دروست دەكات".



PM:04:41:24/08/2014