مستەفا چاوڕەش: هەر هێزێك بێتە سنوری كوردستان دەبێت ئەندامانی كورد بن


مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هەروا ئاسان نییە ڕێگە بدرێت، هێزێك بێت سنوورەكان بپارێزێت، لە كاتێكدا ئەو سنوورانە چەندین ساڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەپارێزرێن.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی 70 بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، وەك هێزەكانی 70 هیچ فەرمانێك یان ئاگاداركردنەوەی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەیشتووە و بڕیارەكەش تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمیمان بۆ نەهاتووە، چونكە زیاتریش پەیوەندی بە سنوورەكانەوە هەیە، كە قەراربوو لیوایەك یان دوو لیوا دروست بكرێن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی سەر سنوور چارەسەر بكات، بەڵام ئێمە تا ئێستا هیچ وردەكاریەكمان بۆ نەهاتوە تا ئیشی لەسەر بكەین".

بە پێی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا، سنوورەكان دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەمەش بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق ڕایانگەیاندووە "ئەو هێزەی دروست دەكرێت كورد دەبن"، مستەفا چاوڕەشیش روونیكردۆتەوە "دەبێت ئەندامانی هێزەكە لە نەتەوەی كورد بن، هەرچەندە سەر بە حكومەتی عێراقین".



AM:11:44:21/12/2022