بەھۆی تەقینەوەی بتڵی غاز ژنێک بریندار دەبێت

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەھۆی تەقینەوەی بتڵی غاز لە سنوری ناحیەی گاپیڵۆن هاوڵاتییەک بووە قوربانی. 

کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیلۆن لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئەمڕۆ لە گوندی گەورەدێی سەر بە قەزای ماوەت لە ئەنجامی تەقینەوەی بتڵێکی غاز ژنێک بریندار بوو". 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بریندارەكە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، کە بە سوکی بریندار بووە و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە, به‌ڵام خانووه‌كه‌ی داڕماوه‌.

بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیلۆن باسی لەوەشکرد، ژنەکە ناوی (مرواری عومەرە) و تەمەنی ٤٥ ساڵە و بەتەنیا لەو ماڵەدا ژیاوە، کە لە کاتی ئامادەکردنی نانی بەیانیدا رووداوەکە روویداوە.

گەورەدێ گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی گاپیڵۆن سەر بە قەزای ماوەت، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی گەڵاڵە و لە باشوور لەگەڵ گوندی کانی مێو و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی قامیش و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی گوێزیلە، هەروەها دانیشتوانی ئەم گوندە لە عەشیرەتی جافن کە زیاتر (٤٠) ماڵی تێدا نیشتەجێیە. 


AM:11:27:26/12/2022