هەواڵێكی خۆش دەربارەی دابەزینی نرخی دۆلار لە حكومەتی سودانییەوە


راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق لە لیستی وڵاتە یەكەمەكانی ناوچەكەدایە بۆ یەدەگی دراوی بیانی و دەڵیت، "نرخی هەر دۆلارێك بە هەزار و ٤٦٠ دینار جێگیر دەكرێت".

محەمەد ساڵح، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، لەسەر ئاستی ناوچەكە عێراق یەكێك لەو وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی دراوی بیانی هەیە و پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانێت ٩٠٪ی ویستی وڵات بۆ دراوی بیانی پڕبكاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ زیادبوونی شەفافیەتی ئەو زانیاریانەی لە كۆمەڵگەی بازرگانییەوە لەبارەی هاوردەكردنی دراوی بیانی لەرێگەی پلاتفۆڕمەكەوە پێشكەش دەكرێت هاوردەكردنی دراوە بینییەكان بۆ پڕكردنەوەی ویستی ناوخۆ زیاتر دەبێت و نرخی هەر دۆلارێك بە هەزار و ٤٦٠ دینار جێگیر دەكرێت.

هەروەها وتویەتی "لە ئێستادا بازاڕی دارایی عێراق لە قۆناغی خۆگونجاندندایە بۆ ئەوەی بارودۆخەكانی بە ئاڕاستەیەكی دروست و رێكوپێك رێكبخاتەوە و هیچ نیگەرانییەك نییە."

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستاش نرخەكەی 153 هەزار دینارە.



PM:02:08:29/12/2022