وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نرخی دۆلار روونکردنەوە دەدات

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە پرۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢٣ نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٤٥٠ دیناری عێڕاقی جێگیركراوە". 

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند" نرخی دۆلار لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر (١٤٥٠) دینار جێگیركراوە". 

وتیشی" بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاتییە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێنراوە، سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ و سنورداركردنی كەرتی بانكی دورە لە راستییەوە، بەڵکو پلاتفۆرم و سیستمێکی هاوبەش لە نێوان بانکی فیدراڵی و بانکی ناوەندی هەیە دەبوو لە ساڵی (٢٠١٨) جێبەجێبکرایە، بەڵام ئێستا خراوەتە کار، خستنەگەڕی ئەو پلاتفۆرمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە". 


ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بودجە نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، كاركردن لەسەر ئامادەكردنی بودجە بەردەوامە.

راشیگەیاند" نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەدا تا ئێستا بە (٦٥) دۆلار دانراوە لەوانەیە بگاتە (٧٠) دۆلار".


PM:01:02:30/12/2022