هونەرمەندێک لەسەر چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵێکی ئیسرائیلی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ مەهدی بەهمەن چیرۆکنووس و نیگارکێشی ئێرانی دەرکرد، کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵێکی ئیسرائیلی دەستگیرکرابوو. 

ماڵپەڕی ڕادیۆ فەردای ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند" لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانی پایتەختی ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر چیرۆکنووس و نیگارکێش مەهدی بەهمەندا سەپاندووە".

پێگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆسیەی مەهدی بەهمەن ئاشکرانەکراوە. 

وەزارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل دەستگیرکردنی مەهدی بەهمەنی ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، مەهدی بەهمەن لە بەندی (٢٠٩) لە زیندانی ئێڤین لە باکووری تاران لە ژێر چاودێری وەزارەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

مەهدی بەهمەن نووسەری کۆمەڵە چیرۆکی (بەرد ئێسکەکان)ە کە بەهۆی سانسۆر لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئێرانەوە لە چاپ نەکرابوو، ئەم بەرهەمە خەیاڵییە لە ساڵی (٢٠١٩) لە ئەمستردام لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ڕوناکەوە چاپ و بڵاوکرایەوە، هەروەها توێژەرێکە لە بواری لێکنزیککردنەوەی ئایینەکان.

هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە ئۆسلۆیە ڕایگەیاند" لانیکەم ١٠٠ کەس لە خۆپیشاندەرانی دەستگیرکرا مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە". 

کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە بنکەیەکی پۆلیسی ئەخلاق لە تارانی پایتەخت، لە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵەوە بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی جەماوەری.


PM:01:23:30/12/2022