ساڵانە كوردستان زیاتر لە ٩١٩ ملیۆن هێلكە هەناردە دەكات


حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە بەرهەمهێنانی هێلكە، هەرێم گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانە ٩١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هێلكە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە ٩١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هێلكە، هەرناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە جگە لەوەی كە گرنگییەكی زۆر بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ بازاڕی دەرەكی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساخكردنەوەی بەرهەمی هێلكەی پڕۆژە و كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە، لەهەمانكاتدا بریاری قەدەخەكردنی هاوردەكردنی هێلكە بۆ ناو هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمەش بۆ بونیادنانی بناغەیەكی گرنگی ئابووری و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و دەستەبەركردنی خۆراكێكی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەروەها پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی هەلی كار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیكردۆتەوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە بۆ ٣٣ پڕۆژە بەرزبوونەتەوە، كە بەراورد بە پێشتر ٢٠٠٪ زیادی كردووە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دوو ملیار و ٩١٨ ملیۆن و ٥٧٧ هەزار هێلكەیە، كە بەڕێژەی ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێشتر.



PM:03:10:30/12/2022