ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێک دەردەکات

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، چەند بڕیارێکی تایبەت بە دامەزراندن و گواستنەوەی فەرمانبەران و زەوی وەرگرتن و پلە بەرزکردنەوە دەردەکات.
 
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کە لە 16.7.2014 دەرچووە، چەند بڕیارێکی پێوەست بە دامەزراندن و تەنسیب و ئەژماری راژەی فەرمانبەران دەرکردووە.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری داوە کە کار لەسەر ھیچ مامەڵەیەکی دامەزراندن نەکات تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانەدا رێک دەخرێت.

ھەروەھا بڕیاریشی داوە، گەڕاندنەوەی فەرمانبەران بۆ راژەی سەربازی و شارستانیش رابگرێت، ھاوکات بڕیاریشی داوە کە گواستنەوەی فەرمانبەران لە یاسای خزمەتی سەربازی بۆ سەر یاسای خزمەتی شارستانی و بە پێچەوانەشەوە رابگرێت.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گواستنەوەی فەرمانبەرانیشی لە دەرەوەی ھەرێم و بۆ وەزارەتەکانی ھەرێمی کوردستان راگرتووە و کار بەو مامەڵانە ناکات کە لەم چوارچێوەدایە.
 
پێشووتر ماوەی تەمەنی یاسایی ئەو فەرمانبەرانە درێژ دەکرایەوە کە تەمەنیان دەگەیشتە ماوەی خانەنشینی، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارە تازانە، ھیچ مامەڵەیەکی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی ماوەی یاساییان تەواو کردووە، کاری لەسەر ناکرێت.

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە بڕیارەکانیدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ھیچ پلە بەرزکردنەوەیەکی فەرمانبەران لە دەرەوەی رێنماییەکان کاری لەسەر ناکرێت و پێویستە دامودەزگاکان پابەندی بڕیار و گشتاندنەکانی پێشووی حکوومەت بن.
بەپێی ئەو بڕیارانە تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێکردن، یان نوێکردنەوەی رەزامەندیی زەوی وەرگرتن یان گواستنەوەی زەوی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ناکرێت.
ھەموو نووسراوێکی تایبەت بە ھاوکاری بۆ ھەر مەبەستێک بێت کە لەلایەن وەزارەتەکان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێـت، کاریان لەسەر ناکرێـت.
 



AM:10:07:26/08/2014