لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ٥١٦ خۆپیشاندەر کوژراون ٧٠ یان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە


رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ئێران رایدەگەیەنێت " لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ٥١٦ خۆپیشاندەر گیانیان لە دەستداوە، لەو ژمارەیە ٧٠ كەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە."

بەپێی ئامارەکە تا دوێنێ ١٦١ شاری ئێران و ڕۆژهەلاتی كوردستان گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی دژی دەسەڵاتی ئێران بوون و لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەش كە بە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی” ناسراوە، لانیكەم ١٩ هەزار و ٢٠٤ خۆپیشاندەر دەستبەسەر كراون، كە لەو ژمارەیەش ٦٨٧ كەسیان خوێندكاری خوێندنگە و زانكۆكانن.

رێکخراوەکە دەڵێت " بە تۆمەتەكانی "بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی” و "شەڕی دژ بە خودا” سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەشێك لە خۆپیشاندەرە دەستبەسەركراوەكاندا سەپێنراوە".

لە رووی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەوە تا ئێستا دەسەڵاتی دادوەری كۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو خوپیشاندەر بەناوەكانی "موحسێن شكاری” و "مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد” جێبەجێكردووە. ( رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ دەکات).

خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستپێكردووە و لە ئێستادا لە چوارەم مانگیدایە.



PM:04:54:03/01/2023